عەباسعەلی کەدخودایی، وتەبێژی شۆرای نیگابان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو کەسانەی کە پیشینەی سەربازییان هەیە، دەتوانن لە هەڵبژاردنەکاندا خۆیان بەربژێر بکەن و هیچ کێشەیەکی یاساییان لە بەردەم نییە و بێگومان دوای هەڵبژاردنیان کەسێکی سەربازیی نین.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، کەدخودایی، وتەبێژی شۆرای نیگابان ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، لە ئاخرین کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی ساڵی ٩٩ی هەتاویدا ڕایگەیاند کە یەکێک لەو گەڵالانەی مەجلیس کە جێگای مشتومڕی نوێنەرانی مەجلیس بوو، چاکسازیی و پێداچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بوو.
بەپێی یاسای پێشوو ئەو کەسانەی کە پیشینەی سەربازییان هەیە ناتوانن بۆ سەرۆککۆماریی خۆیان بەربژێر بکەن، بەڵام کەدخودایی بەشێوەی فەرمیی ڕایگەیاند کە بەربژێر بوونی کەسانی سەربازیی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران بە یاسایی کراوە و هیچ بەربەستێکیان لەبەردەمدا نییە.
پێویستە بگوترێ کە هەرچەند لە ماوەی دەسەڵاتداریی ئەو ڕێژیمەدا زۆربەی ئەو کەسانەی کە دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە کەسانی سەربازیی بوون بەڵام بەنەمانی ئەم بەربەستە لە سەر ڕێگای کەسانی سەربازیی بۆ خۆ بەربژێرکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێراندا و بە خۆ بەربژێرکردنی سەعید محەممەد، فەرماندەی پێشووی قەرارگای خاتەم، حوسێن دێهقان، وەزیری پێشووی بەرگریی، موحسێن ڕەزایی فەرماندەی پێشووی سپا، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆککۆماری لە ئێراندا دەبێتە شوێنی کێبەرکێی فەرماندەکانی پێشووی سپای پاسداران.