کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەری مەهاباد و ناوچەی شاروێران بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، کاک جەعفەر گوڵابی کەسایەتی خوشناو و نیشتمانپەروەری شاری مەهاباد و ناوچەی شاروێران بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە دڵە پڕلە هیواکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە نیشتمان کرد.
کاک جەحفەر گوڵابی لە دایکبووی ١٣١٧ی هەتاوی، لە ناوچەی شاروێرانی شاری مەهەباد و کەسایەتییەکی خۆشناو و جێی متمانەی خەڵکی ناوچەکە بووە و دەرچووی زانکۆی ماف و یاسای تاران و سەرۆکی ئیدارەی پەسەندکردنی بەڵگەنامەی تاران، بۆکان و مەهابادیش بووە و کەسێکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هۆگری ئازادیی نیشتمان بوو، کە بەداخەوە لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا مالاوایی لە نیشتمان و کەسوکارەکەی کرد و فاتمە خانی پیرۆتی خێزانیشی لەو ڕووداوەدا بریندار بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک جەعفەرەوە سەرەخۆشی لە خەڵکی مەهاباد و ناوچەی شاروێران و هەموو کەسووکاری دەکەین و هیوای هەرچی زووتر چاک بوونەوە بۆ فاتمە خانی پیرۆتی دەخوازین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.