وتەبێژی کۆمپانیای “کەشتیڕانی” کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە، کەشتیی بارهەڵگری “شەهرێ کورد” لە ئاکامی هێرشێکدا تووشی کێشە بوو و ئەو هێرشەی بە کردەوەیەکی تێرۆریستی ناوبرد.
عەلی غەیاسیان وتەبێژی کۆمپانیای کەشتیڕانی کۆماری ئیسلامی،لە وتووێژێکدا لەگەڵ “نوور نیوز” کە ماڵپەڕێکی نزیک لە شۆرای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ڕێژیمە وتی: ئەو ڕووداوە لە ئاوەکانی نێونەتەوەیی لە دەریای “مەدیتەرانە” ڕوویداوە و بەشێک لە قەوارەی کەشتیی “شەهرێ کورد” بەهۆی ئەو هێرشەوە ئاگری تێبەربووە، بەڵام بەزووترین کات کۆنترۆڵ کراوە.
دوو سەرچاوەی ئەمنییەتیی بە ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاند: بەپێی نیشانە سەرەتاییەکان، کەشتی ئێرانیی شەهرێ کورد ڕاستەوخۆ لە سەرچاوەیەکی نەناسراوەوە کراوەتە ئامانج.
هەروەها ڕۆیتێرز دەڵێ: لەماوەی حەوتووەکانی ڕابردوودا کەشتییەکانی ئێرانیی لە دەریای “سوور” بە هۆکاری نادیار تووشی کێشە و گرفت دەبن و لە زستانی ٩٨ هەتا ئێستا ١٢کەشتیی ئێرانی کە لە ئێرانەوە نەوتیان دەگواستەوە بۆ سووریە لەلایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج.