لاوێکی خەڵکی شاری سنە کە لە شاری هەولێر سەرقاڵی کرێکاری بوو، بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لە دەستدا.
ڕۆژی پێنج شەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، لاوێکی خەڵکی سنە بە ناوی “ کەیوان عەلیزاده” تەمەن ٢٨ ساڵ لەکاتی کارکردن لە هەولێر بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لە دەستداوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکەی ئاگادار، ناوبراو لەکاتی جۆشکاری و بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لە دەستداوە.
کەیوان عەلیزاده خەڵکی گوندی “پەتڵییەر” سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی شاری سنە بووە و ماوەی ساڵێک بوو کە لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی کرێکاری بووە.
جێگای ئاماژەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی قەیرانی ئابووری لە ئێران، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان بە مەبەستی دۆزینەوەی هەلی کار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردوە کە تا ئێستا دەیان کەس بە هۆی ڕووداوەکانی کارەوە گیانیان لە دەستداوە.