عەلەمولهۆدا پێشنوێژی مەشهەد، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە پاپ فرانسیس نێردراوی ئەمریکایە بۆ عێراق و بەتایبەتیی بۆ سەردانی عەلی سیستانی نێردراوە.
لەدرێژەی کاردانەوە و ناڕەزایەتییەکانی بەرپرسانی ئێران، لەهەمبەر سەردانەکەی پاپ فرانسیس، ڕێبەری کاتولێکەکانی جیهان بۆ عێراق و چاوپێکەوتنی لەگەڵ عەلی سیستانی، یەکێک لە مەرجەعەکانی شێعە لە شاری نەجەف و هەروەها سەردانی پاپ بۆ هەرێمی کوردستان، عەلەمولهودا، پێشنوێژی مەشهەد، ڕۆژی هەینی ٢٢ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، وتی: پاپ مەئموریەتێکی، ئەمریکایی هەبووە و پێی وابووە کە هێرشەکان بۆ سەر ئەمریکا لەلایەن شێعەکانی عێراقەوە دەکرێ و دەتوانێ عەلی سیستانی یەکێک لە مەرجەعەکانی شێعە بێنێتە سەر ئەو قەناعەتە کە داوا لە خەڵکی عێراق و حەشدی شەعبی بکا هێرشی سەربازیی نکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
پاپ لە سەردانە سێ ڕۆژەکەیدا بۆ عێراق، سەردانی شارەکانی “بەغدا، هەولێر، نەجەف ومووسل”ی کرد و ئەو سەفەرەی بە گەشتێکی ئاسایی و پێشکەشکردنی ڕێزی خۆی بەرانبەر بە وڵاتێک کە ساڵیانێک تووشی نەهامەتیی شەڕ بوون ناوبرد و داوای کرد کە چی دێکە دەنگی چەک لە عێراقدا نەبیسرێ و خەڵک بە ئاشتی و تەبایی پێکەوە ژیان بکەن.
ئەم چاوپێکەوتنەی پاپ فرانسیس بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیتر بە چاپکردنی پوولێکی تایبەت بە پاپ و نەخشەی کوردستانی گەورە ناڕەزایەتی و تووڕەییبەرپرسانی ئێران و تورکیەی لێکەوتەوە و ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی ئێران وبە تایبەتیی ئەو ڕاگەیاندنانەی کە سەر بە عەلی خامنەیین بووەوە و ڕۆژنامەی کەیهان ئەو سەردانەی بە بێبایەخ ناوبرد.