بن موبارەک وەزیری دەرەوەی یەمەن: پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران لە یەمەندا بە ئاکام ناگا و دەبێ گوشارێکی زۆر بخرێتە سەر ئەو ڕێژیمە و ناچاری بکەی کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی لە یەمەن و ناوچەکەدا بێنێ.
ئەحمەد عەوەز بن موبارەک، وەزیری دەرەوەی یەمەن، ڕۆژی هەینی ٢٢ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، بەئاماژە بە هێرشە تێرۆریستییەکانی میلیشیا حووسییەکان وتی: حووسییەکان هەڕەشەیەکی سەرەکین بو داهاتووی یەمەن و ناوچەکە بەگشتیی و داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کرد کە گوشار بخاتەسەر ڕێژیمی ئێران، بەڵکوو ڕێژیمی ئێران دەستێوەردانەکانی لە یەمەن کۆتایی پێبهێنێ.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی یەمەن، ئەحمەد عەوەز ، وەزیری دەرەوەی یەمەن لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ، جۆزیف بۆرێڵ، نوێنەری کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاسایشیی یەکیەتیی ئورووپا، لەهەمبەر هەوڵەکانی یەمەن بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیریی و پێکەوەژیان وتووێژێکیان کرد و سپاسی پشتیوانی مرۆییانەی یەکیەتیی ئورووپایی بۆ کۆتایی پێهێنانی شەڕ و هەوڵدان بۆ ئاشتی لەو ناوچەیە کرد.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران، لە یەمەندا بە ئاکام ناگا و دەبێ گوشارێکی زۆر بخرێتە سەر ئەو ڕێژیمەو کۆمەڵگەی جیهانیی ناچاری بکەن کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی لە یەمەن و ناوچەکەدا بێنێ.