وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بۆباسکردن لە سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا بە ئامادەبوون لە کۆنگرەی ئەمریکادا وتی: بۆ گەیشتن وچاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هیچ جۆرە باجێک بەو وڵاتە نادەین.
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی وڵات لە مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، لە وڵامی پرسیارێکدا کە ڕووبەڕووی بووەوە وتی: بەلێنی بەکۆنگرە دەدەم لەهەمبەر وتووێژ وچاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا هیچ جۆرە باجێک بەو وڵاتە نادەین.
لەم کۆبوونەوەیەدا و لە وڵامی ئەو پرسیارەی مایکل مەک کاڵ، ئەندامی باڵای کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرەی ئەمریکا و بەئاماژە بە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری دەوڵەتی ترامپ بە دژی ئێران، مەک کاڵ پرسیاری کرد ئێوە دەتوانن پێش لە هەر بڕیارێک و بە تایبەت لابردن و کەمکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران کۆنگرە ئاگادار بکەنەوە؟ ئانتۆنی بلینکێن لە وڵامدا وتی: بەدڵنیاییەوە بە کۆنگرەی ڕادەگەیێنین و تاکوو ئێران نەگەڕێتەوە بۆ بەڵینەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی، هەموو گەمارۆکان لە سەر ئەو ڕێژیمە دەمێنێتەوە.