لەدرێژەی هێرەشی مووشەکیی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی حەوتووی ڕابردووی حووسیەکان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هاوتا ڕووسیەکەی “سێرگی لاڤرۆف” وتی: ئەم ولاتە بۆ بەرگریی لە دامەزراوە نەوتییەکانی خۆی، هەنگاوگەلێکی پێویست هەڵدەگرێ.
فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودی: بۆ هاوکاریی ستراتیژیی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتی ڕووسیە بایەخێکی تایبەتیی دادەنێ و ڕاوێژکاریی و هاوکاریی لە بەرزترین ئاستدا لەنێوان هەردوو وڵات لە ئارادایەوە.
بن فەرحان هەروەها لە درێژەدا ئەماژەی بە هێرشی ئەم دواییانەی میلیشیا حووسیەکان بۆسەر ئەوڵاتە کرد و وتی: دەبێ کۆمەڵگەی جیهانی لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن.
فەیسەڵ بن فەرحان، بە ڕاشکاوی وتی: دەبێ کۆمەڵگەی جیهانی یەکگرتوو بن و پێش بە سەرچاوەی ئاڵۆزییەکانی یەمەن بگرن کە گرینگتریان ڕێژیمی ئێرانە، لەبەر ئەوەی چەکوچۆڵ و مووشەکی بالستیک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ میلیشیا تێرۆریستەکانی حووسی دابین دەکا.
جێی ئاماژەیە کە، هێرشە تێرۆریستییەکانی میلیشیا حووسیەکان لە ٣ مانگی کۆتایی سەرۆکایەتی “دۆناڵد ترامپ” تەنیا ١٠هێرشی ئەنجام داوە، بەڵام لە دەورانی سەرۆکایەتی “جۆ بایدێن” ١٠هێندەی ئەو هێرشانەی پێشووتر زیادی کردووە، ئەمەش ئەوە دەخاتەڕوو کە سیاسەتەکانی جۆ بایدێن بە نیسبەت ڕێژیمی ئێران نەرمیی پێوە دیارە.












