شۆرای وەزیرانی عەرەبستانی سعوودی لە کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتی “مەلەک سەلمان”، هەنگاوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە هەڕەشە و هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی ناوبرد.
ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، شۆرای وەزیرانی عەرەبستانی سعوودی لە کۆبوونەوەی خۆیدا، بە ئامادەبوونی “مەلەک سەلمان” پاشای ئەو وڵاتە، هێرشە مووشەکیی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی میلیشیا تێرۆریستە حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان بۆسەر شوێنی نیشتەجێبوون و دامەزراوە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتەی بەتوندی مەحکووم کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی “ئەلعەرەبییە” کابینەی دەوڵەتی عەرەبستان لەو کۆبوونەوەیەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە، هەنگاوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی میلیشیا تێرۆریستەکانیەوە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێونەتەوەیی، لەو کۆبوونەوەدا داوا لە شۆرای ئاسایش و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کراوە کە، بەنیسبەت ئەو هێرشانەی کۆماری ئیسلامی دژکردەوەیان هەبێ.
کابینەی دەوڵەتی عەرەبستانی سعوودی، هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی میلیشیا حوسییەکان بۆسەر “ڕەئس تەنوورە ئەلزەهران”ی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێونەتەوەیی زانی و وتوویەتی؛ میلیشیا حوسییەکان لەو هێرشەدا ئابووری جیهانیان کردووتە ئامانجی کردەوەکانیان.












