جێن ساکیی وتەبێژی کۆشکی سپی هاوکات لە گەڵ چواردهەمین ساڵوەگەڕی ڕفاندنی “ڕابرت لوینسۆن” لە ئیران وتی: سەرەڕای هەوڵدانمان بۆ دۆزینەوەی لوینسۆن، هێشتا هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتووە و داواکارین وەڵامێک لەلایەن کۆماری ئیسلامی لەبارەی ڕفاندن و دەسبەسەرکردنی ناوبراومان پێبدەن.
ڕۆژی سێشەممە ۱۹ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، وتەبێژی کۆشکی سپی لە درێژەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا وتی: ئێمە هەتا گەڕانەوەی هەموو هاووڵاتییە ئەمریکاییەکان که به هەڵە لە ئێران و شوێنەکانی دیکەی جیهان دەسبەسەر کراون، کۆڵ نادەین و بەردەوام دەبین و دەبێ زانیارییەکمان لەسەر هاووڵاتیانمان دەسبکەوێ.
ڕابێرت لوینسۆن، لە هێزەکانی پێشووی ئیدارەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مادە هۆشبەرەکانی پۆلیسی فیدرالی ئەمریکا بوو کە مانگی ڕەشەممەی ٨٥ی هەتاوی، لە دوورگەی کیشی وڵاتی ئێران ون بوو، بنەماڵەی “لوینسۆن” که ساڵانێکە بۆ ڕزگاری ناوبراو هەوڵیان دابوو، لە کۆتایی لە مانگی خاکەلێوەی ٩٩ی هەتاویدا لە پەیامێکی فەیسبوکی هەواڵی کۆچی دوایی ڕابێرتیان لە ئێران بڵاو کردەوە.
جێی ئاماژەیە کە، دەوڵەتی پێشووی ئەمریکا بە هۆکاری ڕفاندنی ڕابێرت لوینسۆن دوو بەرپرسی پلەبەرزی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە و ڕێژیمی ئێران بە تاوانبار لەهەمبەر بێسەروشوێن بوونی ڕابێرت دەزانێ.












