هاوکات لەگەڵ زۆربوونی سکاڵاکان بەدژی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دادگاکانی ئەمریکا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گەمارۆی خستەسەر دووکەس لە لێکۆڵەرە ئەشکەنجەگەرەکانی سپای پاسداران.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، بەدوای زۆربوونی سکاڵاکان بەدژی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دادگاکانی ئەمریکا، دوو لیکۆڵەری ئەشکەنجەگەری سپای پاسدارانی بە ناوەکانی” عەلی هێمەتیان ومەسعوود سەفداری” بەهۆی پێشیڵکردنی مافی مرۆڤەوە خستە لیستی ڕەشی گەمارۆکانەوە.
وەزارەتی دەروەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەو دووکەسە لێکۆڵەرە، ئەشکەنجەگەر بوون و بەهۆی پێشیلکردنی مافی مرۆڤ و ئازار و ئەشکەنجەی بێڕەحمانەی بەندکراوانی سیاسیی و بەندکراوانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، ناویان دەخرێتە لیستی ڕەشەوە و گەمارۆیان دەخرێتە سەر.
ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەر کەسێک لە ئێران مافەکانی مرۆڤ پێشێل بکا و ئازار و ئەشکەنجەی بەندکراون و ناڕازییان بدا بەتوندترین شێوە لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆی دەخرێتە سەر.
لەبەشێکی دیکەی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووەکە ئەمریکا پشتیوانی سەرەکیی خەڵکی ئێرانە و دەبێ رێژیمی ئێران بە شێوەیەکیی شیاو لەگەڵ خەڵکی ئێران ڕەفتار بکا.