ئامریكا داوای لە توركیە وەك هاوپەیمانی خۆی لە ناتۆ كردوە تا بە هێمنیی زیاترەوە لەگەڵ ڕەخنەگرە نێوخۆیییەكانی هەڵسوكەوت بكا. دەوڵەتی توركیە هەر نەبێ ١٨ مامۆستای زانكۆی لەسەر ئیمزا كردنی بەیاننامەیەك دەستبەسەر كردوە كە بۆ پشتیوانی كردن لە وتووێژ لەگەڵ هێزە كوردییەكان بڵاو کرابۆوه.
جۆن كێربی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریكا دهڵێ گرتنی ئەم خەڵكەلە ڕوانگەی ئێمەوە جێگەی نیگەرانییە. ناوبراو پشتڕاستی كردۆتەوە كە دەوڵەتی توركیە كاربەدەستان، پۆلیسو سیستمی قەزایی وڵاتەكەی بەكار دێنێ تا ڕێگری لە پێكهاتنی “وتووێژێكی سیاسیی مەشرووع” بكا.
لە لایەكی دیكەوە ئانگێلا مێركێل، سەدری ئەعزەمی ئاڵمان گوتبووی كە سەرەڕای هاوكاری كردنی نزیك لەگەڵ توركیە لە بابەت ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ قەیرانی پەناخوازان، بەڵام بەم زووانە توركیە ناتوانێ بێته ڕیزی وڵاتانی یەكیەتیی ئورووپاوه.
سەدری ئەعزەمی ئاڵمان لە پەیامی حەوتووانهی خۆیدا لە بابەت ئیمكانی ئەندامەتیی توركیە لە یەكیەتیی ئورووپا لە ماوەی ١٠ ساڵی داهاتوودا گوتویەتی، بە سەرنجدان بە بارودۆخی ئێستای ئەم وڵاتە ئیمكانی جێبەجی بوونی ئەم بابهته له گۆڕێدا نییە.
ئانگێلا مێركێل، ئەندامی حیزبی دێمۆكرات مەسیحی ئاڵمان، بۆ ڕوونكردنەوەی هەرچی زیاتری قسەكانی خۆی گوتوویەتی توركیە ڕێگەیەكی دوورودرێژی ماوەو ناتوانن ساڵێكی دیاریکراو بۆ ئەندامهتیی ئەم وڵاتە لە یەكیەتیی ئورووپادا دەستنیشان بكەن.