هەواڵدەرییەكی سەر بە سپای پاسداران باسی لە ڕەد كرانەوەی سەڵاحییەتی لانیكەم ٢ لە ٣ی بەربژێرەكانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی كردوە.
بەپێی ڕاپۆرتی تەسنیم كە سەر بە سپای پاسدارانو ناوەندە ئەمنیەتیو نیزامییەكانی كۆماری ئیسلامییە، هەیئەتەكانی چاوەدێری كردن هەر نەبێ سەلاحییەتی زیاتر لە ٧ هەزار بەربژێری ئەم هەڵبژاردنانەیان ڕەد كردۆتەوە.
لە لایەكی دیكەوە وێب سایتی “كەلیمە”ش باسی لە ڕەد كردنەوەی بەربڵاوو كەم وێنەی سەڵاحییەتی بەربژێرەكان لە لایەن هەیئەتەكانی چاوەدێرییەوە كردبوو. وتەبێژی هەیئەتی ناوەندیی چاوەدێری كردن بە سەر هەڵبژاردنەكانیش لە لێدوانێكدا بۆ تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتی كۆماری ئیسلامی گوتبووی كۆمەڵێك لە بەربژێرەكان بەهۆی لەمپەرە قانوونییەكان، پێشینەی خراپ، ڕاپۆرتی ناوەندەكانی سەرچاوەی زانیاری وەرگرتنو هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەكانی تایبەتی هەیئەتی چاوەدێریكار، سەڵاحیەتییان ڕەد كراوەتەوە.
وێب سایتی ” دولت بهار”یش كە سەر بە ئاڵقەی ئەحمەدی نژاد و “بەرەی پایداری”یە، لە زمان سەرچاوە ئاگادارەكانی خۆیەوە باسی لە “ڕەد كردنەوەی سەڵاحیەتی بەربڵاوی ڕێفۆرمخوازەكان، ڕەوتی هاوتەریبی دەوڵەتو كەسانی سەر بە ئەحمەدی نژاد” لە لایەن هەیئەتەكانی چاوەدێرییەوە كردبوو. بەپێی ڕاپۆرتی ئەم سەرچاوەیە سەڵاحییەتی سەرجەم یان زۆربەی كاندیداكانی سەر بە ڕێفۆرم خوازەكان ڕەد كراوەتەوە.