بانكی ناوەندیی ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند، ئابووریی وڵات ئێستاش لە بارودۆخی وەستان نەهاتۆتە دەرێو ئەمساڵیش سەدی ٦٥ی بوودجەی ئاوەدانكردنەوە دابین نەكرا.
لە حاڵێکدا کارناسانی ئابووریو کاربەدەستانی دەوڵەت پێیان وابوو سازان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دەتوانێ یارمەتی بە بووژانەوەی ئابووریی وڵات بکا، بەڵام بەپێ ئامارو داتاکان ئابووریی تێکتەپیوی ئێران ئێستاش لە ڕکود دایەو لەو دۆخە نەهاتۆتە دەرێ.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئاستی نەغدینەیی لە كۆتایی مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا لە ٨٧٢ هەزار میلیارد تمەن تێپەڕی كە لە چاو مانگی بەفرانباری ساڵی پێشوو پتر لە سەدی ١١ بەرز بۆتەوە.
بوودجەی گشتیی دەوڵەت لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵ بەشێكی هەرە زۆری داهاتە ماڵییەكانی نەهاتووەتە دێو پشكی داهاتەكانی نەوت لە دابینكردنی ماڵیی دەوڵەت لەچاو ئەم ماوە دیاریكراوەدا بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە.
هەروەها داهاتەكانی نەوتو غەیرەنەوتیی دەوڵەت لەماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە کەمی داوەو دەوڵەت لەگەڵ كەسریی بوودجەیەکی زیاتر لە٣ هەزار میلیارد تمەنی بەرەوڕوو بۆتەوە.
ئامارەکان هەروەها دەڵێن کە بەهۆی نەبوونی داهات و تەنیا سەدی ٣٥ی ئەو کەمە بودجەیە دابین کراوە کە گەڵاڵەكانی ئاوەدانكردنەوە لەبەرچاو گیرابوون.
شایانی باسە كە كەسریی بوودجەی دەوڵەت لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٣٢ هەزار میلیارد تمەن بووە.