ئەمساڵ ٣٣ ژن لە شارەکانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و سزای بەندکرانیان بە سەر داسەپاوە.
بەپێی ئاماری ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو: لە مارسی ٢٠٢٠ هەتا مارسی ٢٠٢١ لانیکەم ٣٣ ژنە چالاکی کورد لەلایەن ناوەندەکانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکیی سیاسیی، مەدەنیی، فەرهەنگیی و ژینگەیی دەسبەسەر کراون. هەروەها دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێران، سزای بەندکران و لێدانی قامچی بە سەر ١٠ چالاکی کورددا سەپاندووە.
لە مارسی ٢٠٢٠ هەتا مارسی ٢٠٢١ و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لانیکەم ١٠ چالاکی ژنی کورد لەلایەن دەزگای قەزایی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٤٧ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران و لێدانی ٣٠ قامچییان بە سەردا سەپاوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٨ کەس لەو ژنانە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان و دوو کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنیی سزا دراون.











