موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کوردی خەڵکی کەلاردەشت لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ‘ئێڤین” لە تاران مافی مەرەخەسی لێ زەوت کراوە.
موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کورد کە بە ٣ سال بەندکران حوکم دراوە و ئێستا لە بەندیخانەی ئێڤین ڕاگیراوە بۆ تێپەراندنی ماوەی ئەو حوکمەی کە بە سەریدا سەپاوە، لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە مافی کەڵک وەرگرتن لە مەرەخەسی لێ زەوت کراوە و ناوبراو نەخۆشیی هەیە و بە دەست نەخۆشییەوە دەناڵێنێ.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای ئەوەی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ “موژگان کاووسی” بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێنەدانی مافی گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤینەوە بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو، ئەو مافەی لێ زەوت کراوە و بێبەش کراوه.
موژگان کاووسی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری نەوشەهر سەر بە پارێزگای مازندەران دەسبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنیی ئازاد کرابوو.