دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ کە پووشپەڕی ئەمساڵ دەسبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی حوکمەکەیان دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کران.
ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، “ڕەحیم ڕەفعەتی و ڕەحمان تابش” دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ، کە پاییزی ئەمساڵ هەر کامەیان ٣ ساڵ و ٧ مانگ حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەیان دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە کران.
ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی پووشپەڕی ئەمساڵ لەگەڵ ٦ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی ئازاد کرابوون.
ئەم دوو هاووڵاتییە لەلایەن دەزگای قەزایی شاری شنۆوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم سەرجەم بە ٧سال و ٢ مانگ بەندکران حوکم دران.











