تورکی ئەلمالکی دەڵێ ئەو مووشەک و دڕۆنگەلەی کە میلیشیا حووسیەکان عەرەبستانیان پێی کردە ئامانج دروستکراوی وڵاتی ئێران بوون.
تورکی ئەلمالکی وتەبێژی هاوپەیمانانیی عەرەبی، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، لەبارەی چۆنیەتی هەناردەکردن چەکوچۆڵ بۆ میلیشیا تێرۆریستەکانی حووسی وتی: بەندەری حەدیدە شایەتیی ئەوە دەدات کە ئەو مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانانەی کە عەرەبستانی پێی کردە ئامانج دروستکراوی وڵاتی ئێران بوون.
وتەبێژی هاوپەیمانانی عەرەبیی لە وتوووێژێک لەگەڵ کاناڵی “ئەلعەرەبیە”، هەروەها هێرشی مووشەکیی ڕۆژی یەکشەممەی بۆ سەر پاڵاوگە نەوتییەکان لە بەندەری “ڕەئس تەنوورە” و ناوچەی نیشتەجێبوونی کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی “ئارامکۆ” لە “زۆهران”ی بە هێرشێکی تێرۆریستی و تێکدەرانە بۆسەر دابین کردنی وزەی جیهانیی لەقەڵەم دا.
هاوکات عەرەبستانی سعوودی ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی ڕایگەیاند کە، لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ٥٢٦ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و ٣٤٦مووشەکی بالستیکی هەناردەکراوی حوسییەکانی بۆ عەرەبستان پووچەڵ کردۆتەوە.












