حەسەن ڕووحانی، لە مانگەکانی کۆتایی سەرۆککۆمارییەکەیدا، گرانترین شەوی سەری ساڵی بەدیاری بۆ خەڵکی ئێران هێناوە.
هەشت ساڵ پێش ئێستا و لە بەرەبەرەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێراندا و لە بەرەبەری هاتنی نەورۆزی ٩٢ی هەتاوی، کەسانێک وەکوو حەسەن ڕووحانی، سکاڵایان لە گرانی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ژیان هەبوو و دەیانوت ناکارامەیی بەرپرسانی باڵای وڵات، ئێرانی تووشی ئەم قەیران وگرانییە کردووە.
لە ڕەشەممەی ٩١ی هەتاویدا و لە بەرەبەری نەورۆزی ٩٢دا ڕووحانی، ئابووری وڵاتی زۆر مەترسیدار ناودەبرد و گرانییەکانی بە خەوی “یارانی کەهف” دەشوبهاند و نرخی یەک دولاری ئەمریکایی لە بازاڕەکاندا ٣٥٧٠تمەن بوو، نرخی هەرزانترین ماشینی بەرهەمی نێوخۆ”پراید” ١٦میلیۆن و ٨٠٠هەزار تمەن بوو.
بەڵام ئیستا و دوای تێپەڕینی ٨ساڵ لە دەورانی سەرۆککۆماریی حەسەن ڕووحانی لەو چەند مانگەی کۆتایی سەرۆککۆمارییەکەیدا، بارودۆخی ئابووریی ئێران زۆر مەترسیدار وقەیراناوییە بە جۆرێک کە نرخی یەک دولاری ئەمریکایی گەیشتۆتە ٢٤هەزار تمەن و خەڵکی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن.
لەم بارودۆخە خراپەیی ئابووریدا لە ئێران کێ بەرپرسیارە؟ حەسەن ڕووحانی وەکوو سەرۆککۆماری ئیران یان رێبەری باڵای رێژیم خامنەیی؟، کەس لە ئێراندا لە بەرانبەر خەڵک خۆی بە بەرپرسیار نازانێ و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیان بۆ خەڵک ئەستەمتر و دژوارتر دەبێ.