برای دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی بڵفەتی سەردەشت کۆچیدوایی کرد.
ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، سوورە بەریاجی ناسراو بە خاڵە سوورە خەڵکی گوندی “شینوێ” لە ناوچەی بڵفەتی سەردەشت بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
خاڵە سوورە لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و دێموکراتدۆستی ناوچەی سەردەشت بوو، بنەماڵەکەیان لە پشتیوانانی سەرەکیی کۆمار بوون و بەدوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، دوو برای خاڵەسوورە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕات پێشمەرگەبوون و کوڕێکی خاڵە سوورە بە ناوی “کاوە بەریاجی” بۆ ماوەی ١٠ ساڵ پێشمەرگە و کادری حیزب بووە و ئێستاش لە دەرەوەی وڵات ئەندامێکی چالاک و دڵسۆزی حیزبە.
خاڵە سوورە کەسێکی کورد پەروەر و قسەخۆش و دێموکڕاتدۆست بوو، پێویستە بگوتری ئەم بنەماڵەیە خاوەنی دوو شەهیدن لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات،”حەسەن خان بەریاجی” کە یەکێک لە ئەفسەرانی کۆمار بوو لە ساڵی ١٣٢٤لە نزیک گوندی “نەنیە” لە شەڕ لەگەڵ ئەرتەشی پاشایەتی شەهید بوو و برایەکی خاڵە سوورە بە ناوی “حاجی بەریاجی” لە سالی ١٣٦١ لە شەڕێکی قارەمانانەدا لەگەڵ هێزی دوژمن لە گوندی “هەڵوێ” لە ناوچەی بڵفەتی سەردەشت تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەمالەی خاڵە سوورە و هەموو خزم و کەسوکاریان و خەڵکی ناوچەی بڵفەتی سەردەشت دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











