لە شاری چۆواری پارێزگای ئیلام کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکارانی پێترۆشیمی بە ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەرکردنی کرێکاران، لەبەردەم پێترۆشیمی ئەو شارە بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەشەمە ٩٩ی هەتاوی، کرێکارانی پێترۆشیمی شاری “چۆواری” لە پارێزگای ئیلام بە نیسبەت دەرکردنی ئەو کرێکارانەی کە پێشینەی چەندین ساڵ کارکردنیان لە پێترۆشیمی ئەو شارەدا هەبووە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ئەو کرێکارانەی کە دەرکراون دۆخی بژێوی ژیانیان نالەبارە و هیچ داهاتێکی دیکەیان بێجگە لە کارکردن لە پێترۆشیمی نییە.
کرێکاران بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین لەبەردەم دەرگای سەرەکیی پێترۆشیمی ئەو شارەدا دەستیان داوەتە خۆپێشاندان و دەرگای سەرەکییان گرتووە بۆ ئەوەی هێزە چەکدارەکان و ئەو هێزانەی کە سەر بەو پێترۆشیمیەن نەتوانن بچنە ژوورەوە.
کۆماری ئیسلامی کرێکارانی خۆجێی ئەو پارێزگایە لەسەر کارەکانیان لادەدات و خەڵکانی دیکە لە پاریزگاکانی دیکەی ئێران دەهێنێ لە پیترۆشیمی و شوێنەکانی دیکەی پارێزگای ئیلام دادەمەزرێنێ و ئەوەش بووەتە جێی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو پارێزگایە.











