تاقیکردنەوە فێڵبازییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ گەشتیارە بیانییەکان لە سنووری نێوان عێراق و ئەو وڵاتە، پەتای کۆرۆنای بەربڵاوتر کردۆتەوە و لە خوزستان دۆخی کۆرۆنا زۆر خراپە.
مەسعوود مەردانی ئەندامی کۆمیتەی زانستیی ناوەندی کۆرۆنای ڕێژیمی ئێران، گرینگترین هۆکاری تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆنای لە ئێران بە چوونە ژوورەوەی گەشتیارانی عێراقی بە تاقیکردنەوەی فێڵبازانە زانی و وتی: تائێستاش سەرەڕای ئەو هەموو تووشبوون و گیان لەدەستدانە، ئەو ڕەوتە فێڵبازانەیە بە شێوەی قاچاخیی بەردەوامە و دۆخی کۆرۆنا لە پاریزگای خووزستان لەپەڕی خراپیدایە ئەگەر پیش بەم ڕەوتە نەگیرێ ئەوە بە دڵنیاییەوە کۆنتڕۆڵکردنی لە دەست دەردەچێ و هیچمان پێ ناکرێ.
مەسعوود مەردانی وتی: هۆکاری بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنای گۆڕاو لە وڵاتدا، هاتووچۆ ڕێگەپێنەدراوەکان لە سنوورەکانی خووزستان لەگەڵ وڵاتی عێراق بوو، خەڵکانێکی زۆر بە تاقیکردنەوەی فێڵبازیی نەرێنی “پیسیئار”ی کۆرۆنا هاتوونەتە نێو ئێرانەوە، لە حاڵێکدا کە ئێمە ئاگادارین ئەو تاقیکردنەوانە بە نرخی ١میلیۆن و نیو بەو موسافیرانە دەفرۆشرێن و زۆربەی ئەو موسافیرانە بە بەرگەی فێڵبازی نەرێنی کۆرۆنا دێنە نێو خاکی ئێرانەوە.
شایانی باسە کە بە وتەی شایەتحاڵان لە سنوورەکانی خوزستان سپای پاسدارانی ڕێژیم لەو ساختەکارییە و فرۆشتنی تێستی نێگەتیڤی کۆرۆنا بە گەشتیارانی عێراقی و هاوردەکردنی ئەو نەخۆشیە بۆ ئەو پارێزگایە دەوری باڵا دەگێرێ و فەماندە گەندەڵەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بەو شێوەیە کایە بە گیانی خەڵکی ئێران دەکەن.