هێزە چەکدارەکانی تورکیە لە شاری وان، بارەگای “پارتی دێموکراتی گەلان”یان گەمارۆ داوە و نوێنەرانی ئەو حیزبەش خۆیان مانیان گرتووە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، پۆلیسی شاری وان بە داخستنی پیادەڕۆ و شەقامەکانی ئەو ناوچەیە، بارەگای “حیزبی دێموکراتی گەلان”ی گەمارۆ داوە، موراد ساری ساچ نوێنەری هەدەپە لە شاری وان، لەگەڵ ئەوەی کە ژمارەیەک لە نوێنەران و کارمەندانی ئەو حیزبە گەمارۆ دراون، داوای لە پۆلیس کرد کە کۆتایی بەو گەمارۆدانە بێنێ، بەڵام پۆلیس گرینگی بە داواکاریی ئەو نوێنەرە نەداوە و گەمارۆکردنی ئەو بارەگایەی چڕتر کردەوە.
پارتی دێموکراتی گەلان “هەدەپە” لقی شاری وان، لە توێتێری فەرمی خۆیدا ڕایگەیاند: ئەو شەقامەی کە دەچێ بۆ بارەگای حیزبی ئێمە بە پیادەڕۆکانییەوە لە لایەن پۆلیسی ئەم شارەوە داخراوە بۆئەوەی پیش بە خەڵکی ئێمە بگرن و نەچن بۆ بارەگای حیزبەکەیان، ئێمەوە هەموو خەڵکی خۆمان بۆ بینای حیزب بانگهێشت دەکەین و نابێ ڕێگرییان لێ بکرێ.
جێی ئاماژەیە کە هەدەپە پەیامێکی بۆ تەواوی لایەنگرانی خۆی ناردووە کە، پارێزەرانی ئێمە لە بەردەم بینای پارێزگاری شاری وان بەدژی ئەم ڕەوتە بەیاننامەیەک بڵاو دەکەنەوە و داوا لە هەموو خەڵک دەکەین کە لەکاتی خوێندنەوەی ئەو بەیاننامەیەدا لەگەڵ حیزبەکەی خۆیان بن و پشتیوانی لێ بکەن.











