مەولانا عەبدولحەمید ئیسماییل زێهی، پێشنوێژی مەزهەبی سوننی لە سیستان وبەلووچستان، ڕەخنەی لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر هاوردەکردنی پێکوتەی کۆرۆنا گرت.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی کۆمەڵایەتیی چالاکانی مافی مرۆڤی بەلووچستان، مەولانا عەبدولحەمید زێهی، پێشنوێژی مەزهەبی سوننی لە زاهێدان وتی: تەندروستی خەڵک و پاراستنیان لە سەرووی هەموو کارێکی دەوڵەتدایە و ڕەخنەی لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەمبەر هاوردەکردنی پێکوتەی کۆرۆنا گرت و وتی: دەبێ بەرپرسانی باڵای حکوومەت سیاسەتەکانیان بە جۆرێک دابڕێژن کە بە جێگای یارمەتیدانی وڵاتانی دەورووبەر، کێشەکانی خەڵک لە نێوخۆ چارەسەر بکەن.
ناوبراو لە دڕێژەدا وتی: بۆچی بەرپرسانی باڵای وڵات تەندروستی خەڵکیان بۆ گرینگ نییە و هاوردەکردنی پێکوتەی کۆرۆنایان لە وڵاتانی دەرەوە ڕاگرتووە، بەرپرسانی وڵات دەبێ ئەوە باش بزانن کە تەندروستیی خەڵک وپاراستنیان لە سەرووی هەموو ئەرکەکانیانەوەیە.