بەرپرسانی رێژیمی ئێران: کەڵک وەرگرتن لە بەرنامەیی ئینتێرنێتی مانگی دەستکرد، سەروەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەباتە ژێر پرسیار.
نوێنەرانی مەجلیسی ئێران، ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، گەڵالەیەکیان پەسەندکرد کە لە سەتا ١٠ی پشکی دەوڵەت لە دەزگای موخابەرات خەرجی” ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئینتێرنێتی مانگی دەستکرد “بکرێ.
ئینتێرنێتی مانگی دەستکرد دەتوانێ ئەو کێشانەی کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە نێوخۆی ئێران تووشی کێشە کردووە و لەم ڕێگایەوە نەتوانراوە ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی خەڵک لە ئێران وەکوو خۆی بڵاو بکرێتەوە، چارەسەر بکا و چیتر کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە ئارەزووی خۆی هێڵەکانی ئینتێرنێت لە نێوخۆ سڕ بکا.
هەوڵەکانی بەرپرسانی رێژیمی ئێران، بۆ سڕکردنی هێڵەکانی ئینتێرنێت لە هەموو ئێران لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی و سڕکردنی هێڵەکانی ئینتێرنێت لە پارێزگای سیستان وبەلووچستان بە دوای کوشتنی کاسبکاران، دەفتەری حقۆقیی مافی مرۆڤی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هێنایە دەنگ.
لەم پێوەندییەدا فیروزئابادی، بەرپرسی شۆرای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران، لەهەمبەر کەڵک وەرگرتن لە بەرنامەی ئینتێرنێتی مانگی دەستکرد لە ئێراندا وتی: ئەو بەرنامەیە سەروەریی کۆماری ئیسلامیی دەباتە ژێر پرسیار و چاوەدێری کردنی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە نێوخۆ تووشی کێشە و گرفت دەبێ.