سەرچاوەکانی ئەرتەش و دەزگای زانیارییەکانی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند کە مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و مەترسییەکی گەورەیە بۆ هێزەکانی ئەمریکا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیرن.
لەم پێوەندییەدا بەرپرسێکی وزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بە ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاند کە سیاسەتی ئەمریکا زۆر ڕوون و ئاشکارایە و ئیزن نادات ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.
لە لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکایی لەگەڵ هەواڵدەرییەکان وا دەردەکەوێ کە ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیەکیی گەورەیە، بەڵام بەرنامەی مووشکیی ئەو ڕێژیمە هەڕەشەیەکی مەترسیدارترە و بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان بە گشتیی.
ئانتۆنی کوردێسمان، لە ناوەندی توێژینەوە نێونەتەوەییەکان دەڵێ: سەرەڕای ئەوەیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران، مووشەکیی دوورمەودای نییە کە هەڕەشە بێت بۆ سەر خاکی ئەمریکا، بەڵام بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەوێتە مەترسییەوە و ڕێژیمی ئێران دەتوانێ هێرش بکاتە سەر کەشتی و فڕۆکەکانی ئەمریکا و بۆیە ئێران هەڕەشەیەکیی گەورەیە بۆ ناوچەکە وجیهان بەگشتیی.












