کەماڵ شەریفی بەنکراوی سیاسیی و ڕۆژنامەوانی کورد، لە بەندیخانەی میناب بەهۆی گوشاری ناوەندەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی و بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە تووشی جەڵتەی دڵ بوو.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز” ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، کەماڵ شەریفی بەندکراوی سیاسی کورد، دوای ئەوەی کە بەرپرسانی بەندیخانەی میناب گرینگییان بە دۆخی تەندروستیی ناوبراو نەداوە و ئاماژەکانی جەڵتەی دڵی پێوە دیار بووە، لە بەندیخانەدا جەڵتەی دڵ لێیداوە و لە دۆخێکی ئەمنیەتییدا گواستوویانەتەوە بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە.
سەرچاوەیەک بە چاونیوزی ڕاگەیاند: کەماڵ شەریفی دوای ئەوەی لەلایەن کاربەدەستانی بەندیخانەوە لێپرسینەوەیان لێ کردووە، کە گەڕاوەتەوە بۆ نێو بەندەکەی خۆی هەستی بە ئازار و گوشارێکی قورسی لە سینگیدا کردبوو و دوای ئەوەی چووبوو بۆ دەرمانگای بەندیخانە بەبێ گرینگیدان بە دۆخی نالەباری تەندروستیی بۆ ماوەی چەند خولەکێک ئۆکیژێنی پشوو سوارییان بۆ بەکار هێنا، بەڵام دوای کاتژمێرێک دیسان ئازارەکەی نەک هەر کەم نەبووە بەڵکوو زیاتریش ببوو.
دوای ئەوەی کە ناوبراو ئازاری زۆری هەبووە، لە دەرمانگای بەندیخانە بەناچاری لەژێر چاوەدێرییەکی چڕی ئەمنیەتی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری میناب و بەرپرسانی بەندیخانەکە دەڵێن، بەهۆی ئەو دەرمانەی کە بۆ خاوێن کردنەوەی بەندیخانە بەکار هاتووە تووشی ئەو ڕووداوە بووە، بەڵام لە تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوتووە کە ناوبراو تووشی چەڵتەی توندی دڵ بووە و هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە جەڵتەی دڵ لێیداوە.











