کامێلا هاریس، لەوتووێژێکی تەلەفونی لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕەفتارەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە ناوچەکەدا بە مەترسیدار ناوبرد.
بەپێی ئەو بەیاننامەیەی کە ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، کۆشکی سپی بڵاویکردەوە کامێلا هاریس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا لە پێوەندییەکیی تەلەفونیدا لەگەڵ بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سەرەڕای ئاماژە بە هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای گرووپە میلیشیا تێرۆریستەکانیەوە بۆ دەستێوەردان و تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە وەکوو عێراق، یەمەن و سووریە وتی: بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران و دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لەناوچەکەدا زۆر مەترسیدارە.
جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها لە پێوەندییە تەلەفونییەکەیدا جەختی لەسەر پێبەندبوونی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل کردەوە و وتی: دەوڵەتی ئیسرائیل هاوپەیمانێکی بەهێزی ئێمەیە لە ناوچەکەدا.
لەلایەکیی دیکە ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوکردەوە کە تا کاتێک تاران پێبەند نەبێ بە هەموو بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی، ئەو گەماڕۆگەلەی کە بەسەر ڕێژیمی ئێراندا سەپاوە لاناچن.