وتەبێژی دەفتەری مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی سیستان و بەلووچستان ٢٣کەس بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران کوژراون.
ڕۆپێرت کۆلڤیل، وتەبێژی دەفتەری مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ژێنێڤ ڕایگەیاندکە ناڕەزایەتییەکان لە ٤ی ڕەشەممەوە کە هێزەچەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەقەیان لە کاسبکارانی سووتەمەنیی لە سیستان و بەلووچستان کرد، دەستیپێکردووە.
ناوبراو بە ئاماژە بە سڕکردنی هێڵەکانی ئینتێرنێت لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە سیستان و بەلووچستان وتی: ئاماری کوژراوەکان زۆر بەسەختی وەرگیراوە بەڵام هێندێک لە ڕاپۆرتەکان و هەواڵەکان باس لە کوژرانی ٢٣کەس بە دەستی هێزەچەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن.
هەر لەم پێوەندییەدا و پێشتریش کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران، لە زاری سەرچاوە خۆجێییەکانەوە ڕایانگەیاندبوو کە لە ناڕەزایەتییەکانی سیستان و بەلووچستان ٢٣کەس بە تەقەی راستەوخۆی هێزەچەکدارەکان کوژراون و کەسانێکی زۆریش بە توندی بریندار بوون.