زمان، وەكوو خەسڵەتی ناوازە و تاقانەی ئادەمیزاد، دەكرێ بڵێین گرینگترین خەسڵەتی ئەو بوونەوەرەیە. تایبەتمەندییەك، كە توانیویەتی لەسۆنگەیەوە، چوارچێوەی ژیان داڕێژێ و سەرلەبەری كەلەپووری مرۆڤایەتی و ئەزموونەكانی ژیانی هەزاران ساڵەی خۆی لە چوارچێوەی زماندا ڕاگوێزێ و بیگەیەنێتە ئەمڕۆ و بۆ داهاتوویشی ڕاگوێزێ.
محەممەدڕەزا باتنی لەسەر گرینگیی زمان دەڵێ:
زمان تاقە ئامرازی كاریگەری پرۆسەی پەروەردەیە. بەبێ زمان هیچ پێوەندییەك لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگەدا دروست نابێ و بەبێ پێوەندی، هیچ پەروەردەیەك نایەتە ئاراوە و بەبێ پەروەردەش ناتوانین میرات و كەلەپووری كولتووری و شارستانییەتی مرۆییمان بۆ نەوەكانی دواتر ڕاگوێزین.
كەوابوو زمان، پارێزەری كەلەپوور و كولتوور و شارستانیyەت و مێژووە، كە سەرجەمی ئەوانە، ناسنامەی میللەتیان لێ پێكدێ. هەر بۆیەش داگیركەر، لەگەڵ داگیركردنی وڵاتێك، هەوڵ دەدا، ئەگەر زمانی گەلی بندەست قەدەغەش نەكا، وردە وردە لە ژێر هێژموونی زمانی خۆیدا بیچەوسێنێتەوە، سووكی بكا، لە ڕەونەق و برەوی بخا و دواجار بیخەسێنێ و وای لێ بكا، تاكەكانی گەلی بندەست كەلكوەرگرتن لە زمانەكەی خۆیان بە شەرم و شوورەیی بزانن و بەكارهێنانی زمانی گەلی زاڵ و سەردەست، بە نیشانەی پێشكەوتوویی و ڕووناكبیری دابنێن.
یەكێك لە چەكە هەرە بەهێزەكانی داگیركەر بۆ داگیركردنی وڵاتێك و دواتر پاساودانی داگیركەری و جەنایەتەكانی كەلكی لێ وەردەگرێ، زمانە. زمان، چەكی ترسوەبەرنان، تەماحوەبەرنان و سووكایەتیپێكردن و هەڕەشە و لەلایەكیشەوە گفت و بەڵێنە.
لێرەدا ئێمە وەكوو كورد، وەكوو گەلێكی بندەست گرینگە بزانین داگیركەر چەكی زمان چۆن بەكار دێنێ و گەلی داگیركراو یان بندەست، چۆن دەتوانێ لە پێناو مانەوەی خۆیدا كەلك لە زمانەكەی وەرگرێ.
دوو نموونەی مێژوویی دێنینەوە:
یەكەم: فارسەكان، كە پاش هێرشی عارەبان تا هاتنە سەركاری بنەماڵەی پالەوی لە ئێران، چەندین قۆناغ لەلایەن تورك و غوز و مەغۆلەكانەوە داگیر كراون و لە بەرانبەر هیچ كام لەو هێرشانەدا فارس دەستێكی وای نەكردۆتەوە. ئەی چۆنە لەنێو نەچووە و نەچەوساوەتەوە؟ ئەوەی فارسی لە توانەوە پاراستووە، زمانە. لێرەدا مەسەلە گرینگی و دەوڵەمەندیی زمانی فارسی نییە، بەڵكوو مەسەلە زمانە، كە لە سۆنگەی پاراستنەكەیەوە، میللەتێكی سەدان ساڵ داگیركراو، نەك ناتوێتەوە، بگرە دیسان سەر هەڵدێنێتەوە.
كەچی لەولاوە، گەلی میسر و بەشێك لە دانیشتووانی فەلەستینی ئێستا كە بە ڕەچەڵەك عەرەب نەبوون، بە وازهێنان لە زمانەكەی خۆیان و قبووڵكردنی زمانی عەرەبی، ناسنامە قیبتییەكەی خۆیانیان بۆ تاهەتایە بەلاوە نا و بوون بە بەشێك لە نەتەوەی عەرەب. بۆچی؟ چونكە تۆ بە قبووڵكردنی زمانی ئەوی دی، ڕاستەوخۆ دەچیتە ژێر كاریگەریی بیر و باوەڕ و جیهانبینی و كولتوورەكەیەوە و ئیتر دەبیتە بەشێك لە سیستەمەكەی ئەو.
زمان و هزر كامیان بەرهەمهێنەری كامیانن؟
مشتومڕی زمانناسان لەسەر ئەوەی كە ئاخۆ زمان بەرهەمی هزرە یان هزر بەرهەمی زمانە، هێشتا بە تەواوی یەكلا نەبووەتەوە. بەڵام ئەوەی مسۆگەر و ڕوونە، هەم هزر كاریگەریی لەسەر زمان هەیە و هەم زمان كاریگەریی لەسەر هزر هەیە. شێوازی هزرین و بیركردنەوەی ئێمە، كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دەربڕین و بڕیاردانمان هەیە.
با ئەم كاریگەرییەی هزر و زمان لەسەر یەكتر، بێنینە بوارێكی بەرفرەوانتری وەكوو گوتاری سیاسییەوە. كە تۆ بیرت لە ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی كردبێتەوە، ئەوا دەربڕین و گوتار و تەنانەت شێوازی خەباتەكەشت ئاراستەیەكی دیار و جیاواز دەگرێتە خۆی. وەك چۆن بیركردنەوەی تاقمی حەوت كەسی كە پێیانوابوو دەتوانن بەبێ چەك و لە نێو هەناوی كۆماری ئیسلامیدا خەبات بكەن، لە سۆنگەی ئەو تێفكرینەوە ڕێچكە و گوتار و هەڵوێست و تەنانەت چارەنووسیشیانی لە حیزبی دێموكرات جیا كردەوە.
زمانیش بەو شێوەیە كاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی هزرە. كە تۆ لە ڕاگەیاندنی حیزبەكەتدا، لە گوتاری سیاسیی حیزبەكەتدا بەهێز و تین و گوڕەوە قسەت كرد، وێنەیەكی بەهێز لە خۆت و خەباتەكەت دەخەیە نێو زەینی بیسەرانتەوە. كاتێك، لە ئەندامێكی سەركردایەتیی حیزبی دیموكرات دەپرسن، باشە ئێوە بەو چەند سەد پێشمەرگەیەی هەتانە، چۆن بەربەرەكانێی كۆماری ئیسلامی دەكەن و ئەو لە وەڵامدا دەڵێ: ئەوەی لێرە دەیبینی، دڵۆپەیەكە لە دەریای هێزی حیزبی دێموكرات. ئەوە ئەندامە ئاشكراكانی حیزبی دێموكراتن و هێزی ڕاستەقینەی حیزبی دێموكرات لە نێوخۆی وڵاتە.” تۆ بەو دەربڕینە، بەو زمانە، جگە لەوەی هیوا و هومێدێكی گەورەت لە دڵی نیشتمانپەروەرانتدا چاندووە، ترسێكیشت خستووەتە دڵی دوژمنەكەتەوە. جیا لەوەش، سەیر دەكەین، بیرۆكەی كورتەباس، زمانێكی نوێ و ئەدەبیاتێكی نوێ بەرهەم دێنێ، بە دوای ئەوەشدا تێفكرینێكی تازە دێنێتەوە نێو ڕیزەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستان. ئەوانە هەموو نیشانەی كاریگەریی زمان و هزرن لەسەر یەكتر.
بۆ كاریگەریی زمان لەسەر هزر، پێویستە ئاماژە بە شەڕی دەڕوونی بكەین، شەڕێك، كە چەكە بەهێزەكەی زمانە و تێیدا زمان ئەوپەڕی كاریگەریی خۆی دەردەخا. بۆ نموونە لەو ڤیدیۆیانەدا كە دامودەزگای پڕوپاگەندەكەری ڕێژیم دژی حیزبی دێموكرات و بزووتنەوەكەمان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ ڕێژیمیان بەرهەم هێناون، پێویستە لەو وشە و دەستەواژانە ورد بینەوە كە ئەوان چۆن هەڵیانبژاردوون، لە حاڵێكدا بەشی هەرە زۆری قسەكەیان بوختان و تۆمەتی بێ بەڵگە و بنەمان. ئەوە، نیشانەی ئەوەیە، بەرانبەرەكەت لە گرینگیی زمان گەیشتووە. لێرەدایە تۆش دەبێ ئەوەندە بە گرینگییەوە ئەم چەكی زمانە بەكار بێنیتەوە.
ئەگەر لەو حەفتا و پێنج ساڵەی ڕابردوودا، حیزبی دیموكرات بەردەوام پێی لەسەر مافی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی كوردی داگرتۆتەوە، نیشانەی وردبینی و حیكمەتی ڕێبەرانی ئەو حیزبەیە. ئەگەرچی زۆر كەس بە تەوس و توانجەوە لەو هەوڵەی حیزب دەڕوانن، چونكە ئەو كەسانە لە فەلسەفەی زمان نەگەیشتوون.
زمان و بەهاكان
لێكۆڵەران ئەوەیان سەلماندووە، ئەگەر لە ئینگلیزی زمانەكان ورد بینەوە، كە ئەوان زمانەكەیان لە چەپەوە بۆ ڕاست دەنووسرێ و ئێمەش لە ڕاستەوە بۆ چەپ دەنووسین، جا چەند وێنەیەكی كەسێكمان بدەنێ، لە منداڵی تا پیری و پێمان بڵێن ئەو وێنانەمان بۆ ڕیز بكەن، ئەوان لە چەپەوە بەرەو ڕاست دایاندەنێن، ئێمە لە ڕاستەوە بەرەو چەپ.
ئەوە بەو مانایەیە، كە زمان و شێوازی داڕشتن و نووسینەكەی، كاریگەریی لەسەر داڕشتنەوەی چەمكەكان و چۆنیەتیی بیركردنەوە و بگرە بەهابەخشینەكانیش هەیە.
با ئاوڕێك لە وشەی پێشمەرگە بدەینەوە. تۆ، وەك كوردێكی نیشتمانپەروەر كە ناوی پێشمەرگە دەبیستی، كۆمەڵێك واتا و وێنە دێنە زەینت، واتای خەبات، ئازادی، ڕزگاری، بەرەنگاری، سەنگەر، شوناس و نیشتمان و حیزب و كۆمار و پێشەوا و دژەدیوەكانی ئەو چەمكانەت، وەكوو، هێرشی داگیركەر و زوڵم و چەوساندنەوە و كوشتنی خەڵك و كاولكردنی گوند و شارەكانی نیشتمانەكەت و مافخوراویی میللەتەكەت دێنێتەوە بەر زەین.
لێرەوە دەگەڕێینەوە بۆ تیۆرییەكەی زمانناسی سویسری فێردینان سۆسۆر، كە باوەڕی وابوو زمان لە دوو بەش پێكهاتووە، كە پێی دەگوترێ، لانگ و پارۆڵ. لانگ، لە زمانی كوردیدا كۆی ئەو سیستەمەیە، كە زمانی كوردی پێك دێنێ، بەڵام پارۆڵ دەربڕین و هەڵێنجانی هەر كام لە ئێمەیە لەو زمانە. تۆ زمانی كوردی بە ڕووبارێك بچوێنە، ئەو ڕووبارە لانگی زمان واتە سیستەمە گشتییەكەیەتی، بەڵام هەر كام بە دەفرێكی تایبەتی خۆمان لێی هەڵدێنجین و بەپێی توانای گۆكردن و پەیڤ و تێگەیشتنی خۆمان وشە و دەستەواژەكانی ئەو زمانە بەكار دێنین، كە بەوەیان دەگوترێ پارۆڵ. كاتێك دەگوترێ فڵانی زمانێكی شیرین و پاراو و دەوڵەمەندی هەیە، ئەوە واتە توانیویەتی لە بەحری لانگی زمان بەشی خۆی باش هەڵێنجێ. جا با لێرەوە بگەڕێینەوە سەر ئەو بەشەی كە دوژمنانی زمانی كوردی دەیانەوێ كەلكی لێ وەرگرن. دوژمنانی میللەتی كورد لەسەر هەر دوو بەشی لانگ و پارۆڵ خەریكن كار دەكەن. لە باكووری كوردستان، لەسەر لانگ كار كرا و سەرلەبەری سیستەمی زمانەكەیان قەدەغە كرد و گوتیان شتێك نییە بە ناوی كورد و زمانی كوردی. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەشی سیستەمی لانگی زمانی كوردی هێرشی ڕاستەوخۆی نەكراوەتە سەری، بەڵكوو ئەوەی هێرشی كراوەتە سەر، پارۆڵ واتە ئاخافتنی زمانی كوردییە. واتە نەگوتراوە زمانی كوردی نییە و نابێ ببێ، بەڵام هەوڵ دراوە، ئەو بەشەی ڕۆژانە كاری پێ دەكرێ، بەشێوەیەك گەڵاڵە بكرێت و داڕێژرێ، كە لە خزمەتی سیستەمی دەسەڵات و ڕێژیمە داپڵۆسێنەرەكەدا بێت. لەلایەكی دیكەوە، ئەوان بە پەراوێزخستنی سیستەمە گشتییەكەی زمانی كوردی، هەوڵیان داوە بەشی ئاخافتن واتە پارۆڵی زمانی كوردی لاواز بكەن. چونكە ئەوان باش دەزانن، زمان وەكوو دەریایەك، كە لە كۆمەڵێك سەرچاوەی بێهەژمارەوە ئاوی دەڕژێتە ناوی و لەبەریشی دەڕوا، دەبێ ئەو ڕەوتەی لێ بستێننەوە. واتە لەلایەكەوە نەهێڵن هیچ ڕووبار و كانی و سەرچاوەیەكی بێتەوە سەری و لەبەریشی بڕوا، بەو شێوەیە ببێتە گۆلێكی بۆگەن و ئیتر شیاوی كەلك لێوەرگرتن نەبێ. با ڕوونتری بكەمەوە، سیستەمی گشتیی زمان، بە كارپێكرانی لە بوارە جۆراوجۆرەكانی زانست و ئەدەب و فەلسەفە و كۆمەڵناسی و ئابووری و ئایینی و هتد…دا بەهێز و دەوڵەمەند دەبێ. ئەو بوارانە پارۆڵەكانی زمانن، لك و پۆیەكانی زمانن و كارپێكرانیان وەكوو وەرزش و ڕاهێنان وایە و دەبنە هۆی دەوڵەمەندبوونی. بەڵام ڕاگرتنی ئەو سەرچاوانە و هەوڵدان بۆ ئەوەی نەهێڵن لە هیچ بوارێكدا كاری پێ بكرێ، وردەوردە بەرەو لاوازبوونی دەبا و وای لێ دێ ئیتر توانای بەخشین و بەرهەمهێنانیشی نەمێنێ. كەوابوو ئەوەشیان شێوازێكی دیكەی تواندنەوەی لەسەرخۆی زمانەكەیە، بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ جاڕی دوژمنایەتیی ئەو زمانەیان دابێ. ئێمە ئەو دوژمنایەتییە لەژێر تیشك و ڕۆشنایی تێكۆشان و هەوڵ و خەباتی نووسەران و داوای میللەتەكەماندا ئاشكرا دەكەین. چۆن؟ ئەو كاتەی، كە ئێمە باسی خوێندن و نووسین وەكوو مافێكی سەرەتایی دەكەین، یان نەخێر كاتێك ئیدئۆلۆگێكی دەسەڵاتدار لەسەر زمانەكەی ئێمە دێتە ئاخافتن، ئەوان یەكسەر ڕوخساری دوژمنانەیان دەردەكەوێ و ئاشكرای دەكەن. بۆچی چونكە ئەوان لە گرینگیی زمان تێگەیشتوون و دەزانن، میللەتێك، تا ئەو دەمەی زمانێكی زیندوو و بەهێزی هەبێ، بەرگری لە خۆی دەكا و پێناسەیەكی جیاواز لەوی داگیركەر لە خۆی دەخاتە ڕوو. ئەوان هەر بۆیە هەوڵی یەكزمانكردنی وڵات دەدەن، یەكزمانكردنی وڵات لە دەفری زمانی فارسیدا و بە مەبەستی نەهێشتنی زمانەكەی من. داگیركەر دەزانێ، تۆ ئەگەر زمانێكی زیندوو و چالاك و بەگوڕ و بەتوانات هەبێ، شوناسێكی جیاوازت لە شوناسی ئەو هەیە. تەعبیر و لێكدانەوە و شرۆڤەكانت لەسەر كەسایەتی و شوناسی خۆت، جیاوازن لە شرۆڤە و لێكدانەوەی ئەو. كاتێك ئەو تۆ پێناسە دەكا، تۆ لە زمانەكەی خۆتدا و بە زمانەكەی خۆت لێی وەدەنگ دێی و بەرپەرچی دەدەیەوە و دەڵێی نەخێر، ئەو پێناسەیەی تۆ لە منی دەكەی، من ئەوە نیم. وەك چۆن لەو ساڵانەی ڕابردوودا بەختەوەرانە دەبینین، كاتێك داگیركەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستەواژەی “كوردها مرزبانان ڕشید و غیور” بەكار دێنن، تووشی دژكردەوەی بەربڵاوی ڕووناكبیرانی كورد دەبن. چونكە ئەوە پێناسەی داگیركەرە لە تۆی كورد. ئەو پێت دەڵێ تۆ بەكرێگیراوی من و سنوورپارێزە ئازاكەی منی، ئەوە پێناسەكەی ئەوە. بەڵام چونكە تۆ گەوهەری زمانەكەتت پاراستووە، جیهانبینی و لێكدانەوەی خۆتت هەیە و ئەودیوی دەستەواژەكەی ئەویشت خوێندووەتەوە و پێی دەڵێی، من سنوورپارێزی تۆ نیم. من میللەتێكم و تۆ داگیرت كردووم، ئەو كوردزمانانەش كە سنوور بۆ تۆ دەپارێزن، كۆمەڵێك خۆفرۆشی نیشتمانفرۆشی خیانەتكارن.
هەر وشەی خیانەتكار، لە ڕوانگەی فارسێك و كوردێكی نیشتمانپەروەردا باری واتاییەكەی جیاوازە. ئەو كەسێك بە خیانەتكار دەزانێ، كە پاسدار بكوژێ، كەچی تۆی كوردی نیشتمانپەروەر، كەسێك بە خیانەتكار دەزانی، كورد و نیشتمانەكەی بفرۆشێ و خیانەت لە گەلەكەی بكا. بەڵام ئەگەر تۆ زمانەكەت نەمابایە و بە فارسی قسەت كردبایە و ببایتە خاوەنی ناسنامەیەكی تر، ئەودەم تۆ لە دەفری ئەودا توابوویتەوە و شتێكت بە ناوی كورد لێ نەدەماوە و بە چاویلكەی ئەو لە جیهانت دەڕوانی.
ساڵی 2010 توێژەرانی بواری زمان گەیشتنە ئەو ئەنجامە، كە خۆشویستن و خۆشنەویستنی شتێك، پێوەندیی بەو زمانەوە هەیە كە تۆ قسەی پێ دەكەی.
تۆ ئەگەر كەسێكی فارسزمان بیت، یان كوردێك بیت و لە دەفری فارساندا توابێیتەوە، وێنەیەكی جوانت لە كوردستان و پێشمەرگە و ئاڵاكەی نایەتە پێش چاو. وەك چۆن تۆی كورد، ئێستا بە دیتنی ئاڵای ئێران، هەستێكی ناخۆش و پڕ لە نەفرەت و بێزاری دات دەگرێ. كەوابوو ئەو زمانەی قسەی پێ دەكەی، دەكرێ دیاریكەری حەز و ناحەزانت بێ. هەڵبەت لەوەیاندا ئێمە نیشتمانپەروەرانمان مەبەستن، ئەگینا كوردی نیشتمانفرۆش زۆرن بە كوردییش قسە دەكەن و دەنووسن و دژی كوردیشن.