پاراستنی شوناس لە جیهانی ئەوڕۆدا هەم کارێکی ئەستەم و پێچیاو و هەم ئەرکێکی گرینگ و نەتەوەییە. یەکێک لە ڕێگاکانی پاراستنی ئەو بابەتە هەستیار و کێشە لەسەرە بواری هونەر و ئەدەبیاتە. بیرمەندانی پۆست کلۆنیال لەمێژە ئەو خاڵەیان زەق کردووەتەوە و بە یەکێک لە گرینگ‌ترین فاکتەرەکانی ڕاوەستان و خۆڕاگری لەبەرانبەر سەردەستەکان هێناویانەتە ئەژمار. ئەو دەلاقەیە دەتوانێ چەند دیمەن بە مەبەستی جوداوە بخاتە بەر چاومان، کە بریتین لە ڕاگرتنی متمانەبەخۆیی نەتەوەیی لەنێو ئەو نەتەوە بندەستانەی کە بە هەموو شێوەیەک ئەدەبیاتی سەردەست دەیهەوێ متمانەبەخۆیی کولتوورییان لێ بستێنێتەوە. واتە هەر ئەو بەستێنە، بەستێنێکە بۆ جۆرێک خۆڕانان لەبەرانبەر زمان و ئەدەبیاتێک کە بە شێوەیەکی مەبەستمەند بۆ سووک و شێواندنی بنەما کولتووری و بەها نەتەوەییەکانی نەتەوەی ژێردەست وەکار خراوە. لە لایەکی دیکەوە لەو دەلاقەیەوە نووسەران و هونەرمەندان دەتوانن بە شێوەیەکی هونەری بە خستنە ڕووی لایەنی جوانیناسانە لە دەقەکانیاندا، ڕەوایی بە شێوەیەک لە خەبات و بەرخۆدان بدەن کە لە لایەن نەیارەوە هەوڵ بۆ شاردنەوە و ناحەز نواندنی دەدرێ. ئەوە کارێکە کە هونەرمەندان و ئەدیبانی وڵاتانی بندەستی سیستەمە دیکتاتۆرییەکان لە ئاست و شێوازی جوداوازدا تاقییان کردووەتەوە و هەر بەو شێوەیە نە تەنیا ڕەوایییەکی جیهانییان بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی خۆیان دەستەبەر کردووە، بەڵکوو کۆمەڵێک دەقی بەبایەخیشیان خوڵقاندووە کە ئەدەبی جیهانی پێ دەوڵەمەند بووە و وەک بەشێک لە میراتی کولتووری و دژە ستەمکاری لە دونیادا ناسراوە. بۆ وێنە ئەوەی نووسەران و هونەرمەندانی وڵاتانی وەک فەلەستین لەسەردەمی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیدا خوڵقاندیان، دەنگیانی لە ڕۆچنەیەکی دیکەوە بە دونیا گەیاند. لە وڵاتانی دیکەش زۆرن ئەو هونەرمەند و شاعیرانەی حەولیان لەو بوارانەدا داوە و ئاکامەکەی وەک میراتێک لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاردا و هێمایەک بۆ دەنگی ئازادی و مافخوازی لە جیهانی ئەدەبیات‌دا تۆمار کراوە.
لە چەند دەیەی ڕابردوو دا هەست دەکرێ لە کوردستان هێندێک لە دەستەواژە و زاراوە فکری و ئەدەبییەکان به خراپ وه‌رده‌گیرێن. هه‌ر ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌وتی نووسین و داهێنانی بەشێک لە نووسه‌ران و شاعیرانی داهێنه‌ر داناوە. بۆ وێنە یەکیک لەو دەستەواژانە ئەدەبیاتی بەرگرییە کە لە لایەن زۆر کەسەوە وەک چەشنێکی سووک لە ئەدەب هەڵدەسەنگێندرێ. دووپات‌بوونه‌وه‌ی هێندێك له بیرۆكه و باسه ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیرییه‌كان له فه‌زای گشتیدا و سازكردنی كه‌شێك بۆ چینی نوێ، جاری وایه زه‌مینه بۆ تێگه‌شتنێكی گشتی و كاری به‌هه‌ره‌وه‌ز پێك‌دێنێ له بواری ئه‌ده‌بدا، كه ئاكامه‌كانی به گشتی له به‌رژه‌وه‌ندیی داهێنان وئه‌ده‌بیاتدا نین.
ئه‌ده‌بی زیندوو به‌رده‌وام ده‌لاقه‌ی جیاوازی بۆ دوان له‌سه‌ر بابه‌ته گرینگه‌كان هەیە و ڕێگای جوداش بۆ به‌رهه‌مهێنانی ده‌قی ئه‌ده‌بی دەدۆزێتەوە و خۆی به شێوه بیركردنه‌وه‌یەكه‌وه نابه‌ستێته‌وه. به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی شێعری كوردی له‌دونیای ئێستادا، ئاکامەکانی ئەو جۆرە ڕوانینە دەبینینەوە. بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌وتێك ده‌ستنیشان بكرێ پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ؛ زۆرینه‌ی تواناكان له بیست ساڵی ڕابردوو دا به دوای خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنێك له شێعر و ئه‌ده‌به‌وه بوون کە کەمتر ئاوڕی لە لایەنی نەتەوەیی داوەتەوە. وه نه‌بێ ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه ده‌قی باشی به‌رهه‌م نه‌هێنابێ. به‌ڵام ئه‌و ڕه‌وته وای كردو‌وه دیارده‌ی لاسایی‌كردنه‌وه له ده‌ربڕیندا په‌ره بستێنێ و ڕاوێژه‌كان به‌رته‌سك بنه‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌وه له‌و ساڵانه‌دا كه‌متر ئاوڕ له بواری مانایی دراوه‌ته‌وه و شێعر له ڕه‌وتی ڕووداوه‌كانی كوردستان دوور كه‌وتووه‌ته‌وه.
بۆ ئه‌و دوور كه‌وتنه‌وه‌یه‌ش هۆكاری زۆر باس كراون. شێعری زمان ته‌وه‌ر، ته‌نیا جۆری شێعره و باقی تێگه‌یشتنه‌كانی دیكه له شێعر ناهونه‌رین. وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێی كه‌سانی وه‌ك “سان ژۆن پێرس” لە “ئاناباز”دا و “ئۆكتاو‌یووپاز لە “بەردی تاو”دا شاعیر نه‌بن. دواتر ئەو باسەش هاتووەتە ئارا؛ شێعرێك كه ڕووی له كێشه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی بێ، زۆر سنوه‌ردار و دروشم ئاسایه و ناشێ شاعیر له‌و چوارچێوه ته‌نگانه‌دا بمێنێته‌وه. وه‌ك بڵێی گۆرانی “گاردی سیویلی”ی، شاعیری گەورە “لۆركا” شتێك نه‌بێ تایبه‌ت به دۆخێكی تایبه‌تیی وڵاتێكی تایبه‌ت و “تا شکۆفەی سووری کراسێک”ی “شاملوو” بۆ دۆخی سەردەمی سەرکوتی دەیەکانی سی و چلی هەتاوی ئێران نەگەڕێتەوە.
هۆكارێكی دیكه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و چه‌شنه له نووسین به‌ره‌و دروشم داده‌گه‌ڕێ و دیاره دروشمیش به‌تاڵه له جوانی هونه‌ری. ئه‌و هۆكاره ڕاسته و ده‌كرێ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێ.
به‌ڵام هیچ كام له‌و هۆكارانه ناتوانن ئه‌وه بسه‌لمێنن شێعرێك كه دژ به نه‌یاری نه‌ته‌وه‌یی و دژ به پێشێلکەرانی ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ ده‌نووسرێ ناتوانێ شێعر بێ.
ئه‌ده‌بی به‌رگری ئه‌گه‌ر بیرهێنه‌ره‌وه‌ی شێوه‌یەکی دروشم ئاسایه، ڕه‌نگه به‌شێكی هی لاوازی به‌شێك له‌و ده‌قانه بێ له‌و بواره‌دا به‌رهه‌م هاتوون و به‌شێكیشی خراپ تێگه‌شتن له واتای ئه‌ده‌بی به‌رگرییه. ئه‌و ئه‌ده‌بیاته‌ی له دۆخی داگیركاریدا دژ به داگیركه‌ر و هه‌موو سیماكانی ده‌نووسرێ و ڕۆڵی ڕۆشنگه‌ریی هه‌یه له هه‌موو دونیادا ده‌توانێ هه‌ڵگری ئه‌و وه‌سفه بێ. جا ئه‌و شاعیره ئه‌گه‌ر “ماندلشتایم” بێ له ڕووسیە به دژی “شۆڕشی كولتووری” بنووسێ و ئه‌گه‌ر “هێمن” بێ له موكریان له دژی ده‌سته‌ڵاتی سه‌رمایه‌دار و داگیركه‌ر “ئێواره‌ی پاییز” داڕێژێ و…