مەولوود چووپانی پێشمەرگەی دێرین و ماندووی نەناسی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەهۆی نەخۆشییەوە بەداخەوە رۆژیی چوارشەممە ١٣ی ڕەشەمە لە تەمەنی ٦٥ سالێدا مالاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیۆنی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، مەولوود چووپانی ناسراو بە مام مەولوود لە تەمەنی٦٥ ساڵیدا ماڵاوایی لە حیزب و هاورێیانی پێشمەرگەی کرد. مام مەولوود لەدایکبووی گوندی وسووکەندی مەهاباد هەر لەسەرەتای شۆرشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێمۆکرات چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان و لە هێزی پێشەوا و لە لکێ یەک سازمان درا. مام مەولوود پێشمەرگەیەکی بەجەرگ و ئازا بوو، لە شەر و بەرگرییە قارەمانانەکانی دەشتی شاروێران و شەڕی خوێناویی شاری مەهاباد لە گەڕەکی هەرمەنیان و شەڕی باغی سیسەی مەهاباد بەشداری چالاکانەی هەبوو، مەولوود چووپانی قسەخۆش و ڕاستگۆ و بە دیسیپلین بوو، ئەو لە نێو هاورێیانیدا ڕیز و حوورمەتی تایبەتی هەبوو، هەربۆیەش کەس نەبوو کە دڵی لێی بێشی و یان کەسی ڕەنجاندبێ، مام مەولوود سەڕەرای سێ جار بریندار بوون کە بوو بەهۆی کەمئەندامبوون هەر شێلگیرانە ئەرکی حیزبی رادەپەراند ولە هێزی پێشەوا ئەرکی ئەنبارداری بە ئەمانەتەوە وەئەستۆ گرتبوو.
لەلایەن کۆمیسیونی پێشمەرگە و ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانەوە، بەبۆنەی کۆچی دڵتەزێنی مەولوود چوپانی، سەرەخۆشی لە خوشک و برا و هاورێیانی پێشمەرگەی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











