هەموو ساڵ و لە بەرەبەرەی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان، ئاماری خۆکوشتنی ژنان لە کوردستان بڵاو دەکرێتەوە کە بەپێی ڕاپۆرتی ئەمساڵ، ڕێژەی خۆکوشتن بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مارسی ٢٠٢٠ هەتا مارسی ٢٠٢١، لانیکەم ١٠٨ ژن و کچ لە شارە جیاجیاکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە .
لە کۆی ئەو ١٠٨ کەسەی کە لەو ماوەیەدا خۆیان کوشتووە ٣٠ کەسیان واتە لە سەتا ٢٨ی کۆی حاڵەتەکان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ و لەو ژمارەیەش و تەمەنی ١٠ کەسیشان ژێر ١٥ ساڵ بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زیاترین خۆکوشتنی ژنان لە پارێزگای سنە تۆمار کراوە و کێشەی خێزانی هۆکاری ٨١ حاڵەت واتە لەسەتا ٧٥ی خۆکوشتنەکان بووە.











