کۆمەڵێک لە نوێنەرانی مەجلیس و سێنای ئەمریکا هۆشداریان بە “جۆ بایدێن”دا کە فریوی ڕێژیمی ئێران نەخوات و بەبێ گەرەنتی وەرگرتنی بەربڵاو نەگەڕێتەوە بۆ بەرجام.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە، کۆمەڵێک لە نوێنەرانی مەجلیسی نوێنەران و سێنای ئەمریکا هۆشدارییان بە “جۆ بایدێن” سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەدا کە بە نەرمی نابێ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەڵسوکەوت بکا و فریوی قسە و بەڵێنییەکانییان بخوات و بەبێ وەرگرتنی گەرەنتی بەربڵاو بۆ بەرجام نەگەڕێتەوە، لەو پێوەندییەدا “ڕابێرت مەنێندز” سێناتۆڕی دێموکراتەکان وتی: گەڕانەوە بۆ بەرجام بەبێ لە بەرچاو گرتنی ڕێوشوێنی دیاریکراو بۆ پێشگرتن لە چالاکییە مەترسیدار و شەڕخوازانەکانی ڕێژیمی ئێران بەس نییە.
لە لایەکی دیکەوە “جێم ڕیش” سێناتۆڕی کۆماریخوازەکانیش بە جەختکردنەوە لە سەر هەر چەشنە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، دەڵێ:”دەبێ بەشێوەی پەیماننامە بێ و لەلایەن مەجلیسی سێناوە پەسەند بکرێ، ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە کاربەدەستانی ئێران دەوڵەتی ئێستای ئەمریکا تاقی دەکەنەوە و شێوەی وڵامدانەوەی “بایدێن” زۆر گرینگە و لانەبردنی گەمارۆکان دەبێ وەکوو مەرجی گەڕانەوە بۆ وتووێژکردن لەگەڵ ئێران ڕەچاو بکرێ”.
جێم ڕیش، ئەوەشی زیاد کرد کە بەرجام ڕێککەوتنێک لە نێوان ئێران و ئەمریکادا نەبووە بەڵکوو لە نێوان ئێران و ئۆباما و “جان کێری” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دەورانی سەرۆککۆماریی ئۆبامادا بووە.