لە هێرشێکیی مووشەکیی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەربنکەی سەربازیی عەینولئەسەد، کە هێزەکانی هاوپەیمانان و بە تایبەت ئەمریکایی لێی جێگیرن کەسێک کوژراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، میلیشیاکانی سەربە ڕێژیمی ئێران بە ١٠ مووشەک بنکەی سەربازیی عەینولئەسەد دەکەنە ئامانج و بەهۆی ئەو مووشەکبارانەوە پەیمانکارێکی ئەمریکایی گیانی لەدەستداوە.
لەم پێوەندییەدا مارۆتۆ، وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق ڕایگەیاند کە بنکەی سەربازیی عەینولئەسەد کراوەتە ئامانجی ١٠ مووشەک و پەیمانکارێکی مەدەنیی گیانی لە دەستداوە.
باڵوێزی بریتانیا لە عێراق هێرشی مووشەکیی بۆ سەر بنکەی سەربازیی عەینوڵ ئەسەدی بە توندیی مەحکووم کرد و وتی: هێزە هاوپەیمانەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، لەسەر داواکاریی دەوڵەتی عێراق لەو بنکەیە نیشتەجێن و ئەم هێرشە تێرۆریستییانە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری عێراقە.
جێگای ئاماژەیە کە لەم هێرشەدا لە مووشەکی ئێرانی بە ناوی “ئارەش” کەڵک وەرگیراوە.












