داداگای نێونەتەوەیی “لاهە” ٣٩ کەس لە بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانی، بە تاوانی جینایەتی دژە مرۆیی لە کوشتنی خۆپێشاندەرانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، مەحکووم کرد.
قازی دادگای نێونەتەوەیی، لە نامەیەکدا بۆ “عەلیڕەزا کازمی ئەبەدی” باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە “لاهە” ٣٩ کەس لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، وەکوو “عەلی خامنەیی، حەسەن ڕووحانی، ئیبراهیم رەییسی، ڕەحمانی فەزڵی، مەحموود عەلەوی و عەلی شەمخانی”، لە پێوەندیی لەگەڵ کوشتنی خۆپێشاندەرانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، بە جینایەتی دژە مرۆیی و وەک تاوانبار ناوبرد.
“دادگای نێونەتەوەیی خەزەڵوەر”، دادگایەکی سومبولیکە کە لەلایەن ناوەندەکانی داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ لەلایەک و بۆ وڵامدانەوە بە داواکاریی بنەماڵەی قوربانیانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨، بۆ دادپەروەریی بەهۆی کەمتەرخەم بوونی ناوەندەکانی نێونەتەوەیی و کۆمەڵگەی جیهانی بە کوشتنی خۆپێشاندەرانی خەزەڵوەری ٩٨ پێکهاتووە.
قازی ئەو دادگا سومبولیکە داوای لە بالوێزی کۆماری ئیسلامی لە “لاهە” کرد کە جگە لە عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، بە حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆمار، عەلی شەمخانی بەرپرسی شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی، ئیبراهیم ڕەییسی بەڕێوەبەری دەزگای قەزایی، عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی وەزیری نێوخۆ و مەحموود عەلەوی وەزیری ئیتلاعات ڕابگەیەنێ کە کۆتایی بە جینایەتی دژە مرۆیی و پێشێلکردنی لەڕادەبەدەری مافی مرۆڤ لە ئێراندا بهێنن.