دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان-هەولێر سەردانی مەڵبەندی سێی یەکیەتی نیشتمانی کوردستانی کرد.
ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەسەرپەرەستی خالید وەنەوشە، بەرپرسی دەفتەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەولێر و بەرپرسانی ناوەندی سێ و هەرێمی سێی کوردستان، سەردانی مەڵبەندی سێی یەکیەتی نیشتمانی کوردستانیان لە شاری هەولێر کرد.
هەیئەتی حیزب لە لایان دوکتور “ڕیبوار” ئەندامی سەکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەکیەتی نیشتمانی و “سابیر کاریتانی” جێگری مەڵبەند و بەرپرسی پێوەندییەکان وماموستا “سەروەر” جێگری مەڵبەند و بەرپرسی ئیداریی مەڵبەند و حاکم “سەلاح باپیر” و “ئیبراهیم ئادەم” کارگێڕانی مەڵبەند پێشوازیان لێ کرا.
لەو دیدارەدا هەیئەتی حیزبی دێموکرات دۆخی ئیستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەشبگیرییەکانی ئەو دواییانە و کێشە کەڵەکەبووەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتییان لە ئێران هێنایە بەر باس.
پاشان دکتور ڕێبوار باسێکی لە سەر دۆستایەتی دێرینی حیزبی دێموکرات و یەکیەتی نیشتمانی و پێوەندی بەردەوامی خوالێخۆشبوو مام جەلال و شەهید دکتور قاسملوو کرد و تیشکی خستە سەر مێژووی هاوکاریی و هاوسۆزی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتی نیشتمانی لەژێر ڕێبەری ئەو دوو سەرکردە کاریزمایە. ناوبراو دواتر لە سەر بارودۆخی هەنووکەیی عێراق وهەرێمی کوردستان و ناوچەکە وتی: هەیئەتی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ چارەسەری کێشەکان لە گەڵ حکومەتی ناوەندی بۆ دابینکردنی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان.