١٨٠کەس لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا دژایەتیی خۆیان بۆ پەیوەستبوونی ئێران بە “ئێفئەیتیئێف” ڕاگەیاند
هاوکات لەگەڵ پێداچوونەوەی دووبارەی بەڵگەنامەکانی” ئێف ئەی تی ئێف” لەلایەن کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمەوە ١٨٠ کەس لە نوێنەرانی مەجلیسی ئێران دژایەتیی خۆیان بۆ پەیوەستبوون بە ئێف ئەی تێ ئێف ڕاگەیاند.
مێهدی عەسکەری، نوێنەری کەرەج لە مەجلیسی ئیران، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، لەم پێوەندییەدا و لەوتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیم وتی: قەبووڵ کردنی ئێف ئەی تی ئێف و ئەندام بوون لە کۆنۆانسیۆنی پالێرمۆ و”سی ئێف تی”، دەبێتە هۆی پەرەپێدان بەگەمارۆکانی ئەمریکا و مەرجدار کردنی ئابووری ئێران و ڕاگرتنی ئەو وڵاتە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەیکە زیاتر لە ١٨٠کەس لە نوێنەرانی مەجلیسی ئێران، دژایەتیی خۆیان بۆ پەیوەست بوونی ئێران بە ئێف ئەی تی ئێف دەبڕێوە وتی: لەو ٤ گەڵاڵەیە کە گرووپی ئێف ئەی تی ئێف ناردوویە ٢ گەڵاڵەی لەلایەن ئێرانەوە پەسەند کراوە، بەڵام تا ئێستا ٢ گەلاڵەی دیکە بۆ پەیوەستبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاوانە نێونەتەوەییەکانی”پالێرمۆ” وکۆنوانسیۆنی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پشتیوانیی دارایی لە تێرۆریزم لەلایەن کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمەوە بڕیاری لەسەر نەدراوە.
لەلایەکیی دیکەوە محەممەد جەواد باهونەر، ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم وتی: ئەگەری پەسەندکردنی گەڵاڵەکان زۆرە وتەنیا کێشەیەک کە هەیانە ئەوەیەکە هێندێک لە وڵاتانی جیهان، هێندێک لە گرووپەکان بە تێرۆریست ناودەبەن کە ئێمە پێمان وایە ئازادیخوازن و تێرۆریست نین.