مستەفاکازمی سەرۆکوزیرانی عێراق، ڕایگەیاند، ئیزن بە هیچ وڵاتێک نادەین لەخاکی عێراقەوە پەیامی مووشەکیی و تێرۆریستی بۆ وڵاتانی دیکە بنێردرێ.
کازمی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “شەرقول ئەوسەت “چاپی لەندەن، لە هەمبەر هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دواییانە لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە دژی هێزەکانی ئەمریکا لە بەغدا وتی: هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و،خەڵکەکەی بخاتە مەترسیەوە و پەیام بۆ وڵاتانی دیکە بنێرێ.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند حکوومەتی عێراق، خەڵک و هێزەسیاسییەکان، هەرجۆرە دەستێوەردانێک لە کاروباری نێوخۆیی عێراق، لە لایەن هەر وڵاتێکەوە ڕەت دەکەینەوە و بە توندی مەحکوومی دەکەین.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتی: کەڵک وەرگرتن لە خاکی عێراق بۆ ناردنی پەیامی سیاسیی بۆ وڵاتێکی دیکە تەنیا لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە ڕێگە پێدراوە و ئیزن نادەین لە عێراق، بە ناردنی مووشەک و کردەوەی تێرۆریستی، کەڵک لەو وڵاتە وەربگیردرێ.
کازمیی لە کۆتایی وتووێژەکەیدا دەڵێ: ئێمە بەرپرسین لە پاراستنی گیانی خەڵکی وڵاتەکەمان و ناوەندە دیپلۆماتیکەکان لە عێراق و ئێزن بە هیچ کەس و وڵاتێک نادەین لە خاکی عێراقدا کاروکردەوەی تێرۆریستی بکا.