بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانە گشتییەکانی کۆیە بۆ ڕێزگرتن لە تەمەنێک خەبات و تێکۆشانی نەمر جەلیل گادانی کۆڕیادێکی بەڕێوە برد. لەم کۆڕیادەدا کتێبی “پیری دێموکرات” کە لەلایەن کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بۆ ڕێزگرتن لە تەمەنێک خەبات و تێکۆشانی سیاسیی نەمر گادانییەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە، وەک دیاری بەسەر بەشدارانی کۆڕەکەدا دابەش کرا.
کۆڕیادی نەمر جەلیل گادانی کە ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەشەمە و لە ساڵیادی لەدایکبوونی ئەو تێکۆشەری دێرینەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورددا بەڕێوە چوو، سەدان کەس لە نوێنەرانی حیزب و رێکخراوە سیاسی و فەرهەنگییەکانی شاری کۆیە و کەسایەتییە ئەدەبی، نیشتمانی و ئایینییەکانی ئەم شارە بەشدار بوون.
ئەم کۆڕیادە کە لەژێر ناوی “یادی کەڵەپیاوێک لێواولێو لە نەهرە” گیرا، بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد و لە دەسپێکی بەرنامەکانی کاری کۆڕیادەکەدا وتاری بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانە گشتییەکانی کۆیە لە لایەن بەڕێز “ئارام ساڵح”ەوە خوێندرایەوە. پاشان بەڕێز ڕابەر سەید برایم، سیاسەتمەدار، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە دەقێکی ئەدەبیدا باسی لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سیاسیی کاک جەلیل و خەسڵەتە گرینگەکانی کەسایەتیی نەمر گادانی کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕیادەکەدا بەڕێز قادر وریا، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی پیشووی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێێکی پێشکێش کرد. ئاوڕێک لە کارنامەی ڕووناکبیریی کاک جەلیل گادانی، گرنگیدان بە نووسین و وەرگێڕان، بایەخدان بە تۆمارکردنی بیرەوەریی پێشمەرگە، ئەمەگناسی لەئاست کەسایەتی و تێکۆشەرانی قۆناغەکانی پێشووی خەبات، هاندان بۆ خوێندن و خۆ پێگەیاندن و، ڕێزگرتن لە قوتابیان و خوێندکارانی سەرکەوتوو، و دیاربوون لەنێو کۆڕ و چالاکیی ڕۆشنبیریی نێو حیزب و شارەکانی کوردستان چەند تەوەرێکی باسەکەی بەڕێز قادر وریا بوو.
هاوسەنگەری لەمێژینەی نەمر جەلیل گادانی بەو دێڕانە کۆتایی بە باسەکەی هێنا کە گرینگە ڕەوشتە جوان و تایبەتمەندییە بەرزەکانی ئەم سەرکردە بە فەرهەنگە و، ئەم خەباتکارە ماندوویینەناسە، هەموو کات لە بەرچاومان بێ، لێیان فێر بین و، بیانکەین بە ڕێنوێنی ژیانی سیاسی و خەباتکارانەی خۆمان و، بەم جۆرە یادی کاک جەلیل گادانیی خۆشەویست هەمیشە بە بەرزی ڕابگرین.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕیادەکەدا دوکتور عوسمان دەشتی، مامۆستای زانکۆی کۆیە لە وتارێکدا تایبەتمەندییە شۆڕشگێڕی و هەروەها لایەنی ئەدەبی و ڕووناکبیریی کەسایەتیی نەمر جەلیل گادانیی بەرز نرخاند. بەڕێزیان لە باسەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کاک جەلیل شۆرەسواری نەک یەک مەیدان، بەڵکوو کۆمەڵە مەیدانێکی سیاسی، ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی بوو و لە هەموو سەنگەرەکانی خەباتدا، چ لە خەباتی نهێنی، زیندان، پێشمەرگایەتی و سەرکردایەتی و بواری نووسین و قەڵەمدا خزمەتی گەل و نیشتمانی خۆی کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕیادەکەدا ڤیدیۆیەک لەسەر ژیانی کاک جەلیل گادانی پیشان درا. لەو ڤیدیۆیەشدا چەند کەسایەتییەکی وەک بەڕێز مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە، هاوسەنگەری دێرینی کاک جەلیل و سیمای ناسراوی بزووتنەوەی کورد؛ دوکتور وەلی مەحموود، سەرۆکی زانکۆی کۆیە و دیدەوان یەعقووب، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی کەسایەتیی نەمر گادانی قسەیان کردبوو.
هەر لەو کۆڕیادەدا پەیامی بنەماڵەی گادانی بەبۆنەی ڕێکخستنی ئەم یادە لەلایەن خاتوو گلارە گادانی، کچی نەمر کاک جەلیل خوێندرایەوە و خاتوو ئامێن شێخ دێگەیی، هاوژینی کاک جەلیل گادانی سەبارەت بە ڕێکخستنی ئەم کۆڕیادە دەستەگوڵی ڕێز و پێزانینی خۆی پێشکێش بە بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانە گشتییەکانی کۆیە کرد. لە کۆتایی کۆڕیادەکەشدا تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە بۆ نیشاندانی ڕێز و ئەمەگناسیی خۆیان مەقامێکیان بە دەنگی هونەرمەند هۆشمەند زاهیر پێشکێشی بەشداران کرد.
شایانی باسە لەم کۆڕیادەدا کتێبی “پیری دێموکرات” کە لەلایەن کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بۆ ڕێزگرتن لە تەمەنێک خەبات و تێکۆشانی سیاسیی نەمر گادانییەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە، وەک دیاری بەسەر بەشدارانی کۆڕەکەدا دابەش کرا. بەشی سەرەکیی ئەم کتێبە کۆمەڵە وتارێکە بە قەڵەمی کۆمەڵە کەسایەتییەکی سیاسی، ڕووناکبیری و ئاکادیمیی کورد لەسەر ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سیاسی و تایبەتمەندییە کەسییەکانی کاک جەلیل گادانی.