لە پاریزگای کرماشان نزیک بە ٢ هەزار قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە.
لەدوای بڵاو بوونەوە و پەرەسەندنی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستان ڕێژەی وازهێنان لە دەرس و قوتابخانە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.
لەو پێوەندییەدا “حەسەن عەزیزی” بەرپرسی کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند: نەبوونی کاری بەردەوام و کاتی بنەماڵەکان، هەژاری و دابین نەکردنی موبایل و تەبلێت بۆ دەرسخوێندن بەشێوەی ئانلاین و هەروەها نەبوونی کەرەستە و پێداویستیی بۆ قوتابیانی کەمئەندام، لە هۆکارگەلی وازهێنانی قوتابیانی ئەم پارێزگایە لە پڕۆسەی خوێندنە.
ناوبراو دەڵێ:” بەپێی بەراوردە سەرەتاییەکان ١٩٥٠ قوتابی هەتا ئێستا بۆ ئێمە ناسراون و ناویان تۆمار کراوە کە وازیان لە خوێندن هێناوە”.
لەم ژمارەیە شارستانی “هەرسین” لە هەموو شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە بە ٢٨٥ قوتابی زیاترین قوتابیی وازیان لە خوێندن هێناوە کە هۆکارەکانی وەک بێکاریی و پەرەسەندنی کۆرۆنا کاریگەریی زۆری بووە.
لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە کە ٣٠ هەزار قوتابی لەو پارێگایە بەهۆی ئەوەی توانای دابینکردنی موبایل و کەرەستەی زیرەکیان بۆ خویندن بەشێوەی ئانلاین نییە وازیان لە خوێندن هێناوە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم دیاردەیە لە پارێزگاکانی دیکەی کوردستان و ئێرانیشدا بەرچاوە و وازهێنان لە خویندن بە شێوەیەکی بەرچاو بەردەوامە.