کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسیی و مەدەنیی ئێران بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، بەکۆبوونەوە لە بەردەم یەکێک لە دەفتەرە قەزاییەکانی تاران، سکاڵایەکیان بەدژی بکەران و ئەو کەسانەی کە ماوەیەک لە بەندە تاکەکەسییەکانی بەندیخانە ئەشکەنجەیان داون تۆمارکرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ئێران، چالاکانی سیاسیی ومەدەنیی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە بەندە تاکەکەسییەکان لە بەندیخانەکانی ئێران، شێوەیەکیی ڕوون وئاشکرای ئەشکەنجەدانی بەندکراوانە وبەپێی یاسایا وڕاگەیاندنە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ، کەڵک وەرگرتن لە بەندە تاکە کەسییەکان قەدەغەیە.
لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ساڵانێکە بەندکردن وڕاگرتنی بەندکراوانی سیاسیی و مەدەنیی لە بەندە تاکەکەسییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرە ملێ لە بەندیخانەکانی ئیراندا جێگیر بووە و بە توندترین شێوە ئەشکەنجەی بەندکراوان دەدرێ و دەبێ ئەم کارە دژەمرۆییانە بە زۆترین کات لە بەندیخانەکانی ئیراندا کۆتایی پێبێت.
لەدرێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئێمە چالاکانی سیاسیی و مەدەنیی وەکوو هاووڵاتییانێک، بەجیاوازیگەلێکی ئایینیی وسیاسیی، هەموومان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا خراوینەتە بەندە تاکە کەسییەکان و بەتوندی ئەشکەنجەدراوین و ئێمە هەموومان داواکارین کە بەندە تاکە کەسییەکان لە بەندیخانەکان کۆبکرێتەوە و ئەو کەسانەی کە بەرپرس وهۆکاری سەرەکیی بەندکردن وئەشکەنجەدانی بەندکراوان لە بەندە تاکە کەسییەکاندا بوون، دەبێ سزا بدرێن.