بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی “خانووی کتێبی کوردیی” نوێترین بەرهەمی نووسەر و لێکۆڵەر “فەریدوون حەکیمزادە” کە هەڵگری کۆمەڵێک بابەت و وتاری تایبەت بە مامۆستا هەژارە چاپ و بڵاوکرایەوە.
لێکۆڵەرتوانیویەتی دوای نزیک به حەوت ساڵ بە دواداچوون و لێکۆڵینەوە ۲۴ وتار، ۷ وتووێژ، ۲۲ نامه، ۱۰ پێشەکی بۆ کتێبی نووسەران و چەندین نووسراوەی دیکە لە مامۆستا هەژار کۆ بکاتەوە و پێشکەش بە ئۆگرانی ئەدەب و وێژەی کوردیی بکا کە کارێکی بەبایەخ و گرینگە لە ناسینی باشتری قەڵەم و زانستی مامۆستا هەژار موکریانی.
جێی ئاماژەیە “فەرەیدوون حەکیمزاده” ساڵی ۱۳۴۷ لە شاری سەردەشت لەدایک بووه، له ساڵی ۱۳۷۸ لیسانسی علومی تەربیەتیی( زانستی پەروەردە)ی وەرگرتووە.
حەکیمزاده لە ساڵی ۱۳۷۰ دەستیکردووە بە چالاکیی فەرهەنگیی و نووسین و تا ئێستاش دەیان وتاری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاوکراوەتەوەو خاوەنی ٨ بەرهەمی توێژینەوەو وەرگێڕانە.