ڕێژیمی ئێران ٤بەندکراوی سیاسیی عەرەبی لە بەندیخانەی سپیداری ئەهواز لە سێدارە داوە.
ڕۆژی یەکشەممە ۱۰ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، “جاسم حەیدەری، عەلی خۆسرەجی، حوسێن سێلاوی و ناسر مەرمەزی” کە چوار بەندکراوی سیاسى خەڵکی ئەهواز بوون، لە بەندیخانەی “سپیدار”ی ئەهواز لە سێدارە دراون و ڕێژیم بنەماڵەی ئەو ٤ کەسەی بانگ کردووە کە بۆ دوایین جار چاویان بە منداڵەکانیان بکەوێت.
ئەو بەندکراوانە بە بنەماڵەکانی خۆیان وتووە؛ ئێمە چەند مانگە لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوین و لەبەر گرینگینەدان بە داخوازییەکانمان مانمان لە خواردن گرتووە و بەو هۆیەوە باری تەندروستیمان ناجێگیرە، بەڵام هێزەکانی بەندیخانە و بەرپرسانی نادادپەروەرى کۆمارى ئیسلامى هیچ لە لایان گرینگ نەبووە و دەیانەوێت ئێمە بمرین و خۆمان گومان دەکەین کە لە سێدارەمان بدەن.
جێی ئاماژەیە کە، بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندووە کە، چەند کاتژمێری دیکە دەتوانن کوڕەکانیان ببینن، بەڵام تەرمی بێ گیانی کوڕەکانیان بۆ هێناون و دواى ئەوەش لەوێ دەریان کردوون و تا ئێستاش تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەرکردووە.