حوسێن ڕاغفەر، مامۆستای زانکۆ لە ئێران دەڵێ: سیاسەتەکانی جۆبایدێن لەگەڵ ئێران، لەسیاسەتەکانی ترامپ زۆرمەترسیدارترە.
حوسێن ڕاغفەر مامۆستای ئابووریی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیلنا وتی: شێوەی سیاسەتی جۆبایدێن و سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا، تاکتیکێکە بۆئەوەی ئێران ناچار بکا مل بۆ ویستەکانی ئەمریکا ڕابکێشێ و دەوڵەتی نوێی ئەمریکا هەموو هەوڵێکی خۆی دەدا کە وڵاتانی ئورووپایی بهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەمریکا هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ وتووێژ لەگەڵ ئێراندا دەدا بەڵام ئەوە ڕێژیمی ئێرانە کە هیچ وڵامێک ناداتەوە و دێهەوێت بەم شێوەیە کۆدەنگییەک بە دژی ئێران سازبکا.
ڕاغفەر بە ئاماژە بەوەیکە گەندەڵی و دزیی لە ئێران زۆرە و هیچ ویست وخواستێک بۆ چاکسازیی لە ئێراندا نییە وتی: بۆ چاکسازیی و ڕووبەڕووبوونەوەی دزی و گەندەڵیی، ڕێکارگەڵێکی جۆراوجۆر هەیە بەڵام لە ئێراندا کەس نایهەوێت ڕووبەڕووی گەندەڵەکان و دزەکان ببێتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە قسەکانی ئەم دوایانەی واعێزی، بەرپرسی دەفتەری سەرۆککۆماری ئێران کە وتبووی دوڵەت بەهۆی کێشەی دەرەوەی وڵات و دابین کردنی کورتهێنانی بووجە، نرخی دراوی بیانی لە سەرەوە ڕاگرتووە وتی: ئێمە بەدەیان جار بە خەڵکی ئێرانمان ڕاگەیاندووە کە دەوڵەت بۆ خۆی نرخی دراوە بیانیەکان گران دەکا کە هۆکاری سەرەکییە بۆ هەژاریی و دەسکورتیی خەڵکی بێدەرەتانی ئێران.