شوان پەروەر هونەرمەندی ناوداری کورد، بەنیسبەت ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لەم دواییانەدا لە تورکیە هاتوونەتە ئاراوە و لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەتەکانی تورکیە بەدژی گەلی کورد، وتی: پێویستە دەوڵەتی تورکیە سەدانجار داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکا.
شوان پەروەر خەڵکی باکووری کوردستان و هونەرمەندی ناوداری گەلی کورد، لە کاناڵی یوتیووبی خۆیدا، لە پێوەندی بە ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییانەی دەوڵەتی تورکیە و سیاسەتی ئەو دەوڵەتە دژ بە گەلی کورد وتی: دەوڵەتی تورکیە مافی کورد پێشێل دەکات و هیچ بەهایەک بۆ خەڵکی باکووری کوردستان دانانێ و پێویستە ئەردۆغان داوای لێبوردن لە تەواوی گەلی کورد بکا و کۆتایی بە سەرەڕۆیی و پێشێلکارییەکانی بەنیسبەت گەلی کورد بهێنێ.
هەروەها هونەرمەند شوان پەروەر وتوویەتی: دەوڵەتی تورکیە بەهەر شێوەیەک بۆی گونجابێ نادادپەروەری دەرحەق بە کورد کردووە، لەحاڵێکدا ئەگەر بەڕاستی بڕوانینە مێژووی کورد و تورک ئەوە دەبێ هەم تورک هەمیش دەوڵەتەکەی سەدانجار داوای لێبوردن لە مێژوو و ناسنامەی گەلی کورد بکەن و دەوڵەتی تورک بەردەوام سیاسەتی تواندنەوەی گەلی کورد درێژە پێدەدات و تەواوی یاساکانی دژ بە مێژوو و مانەوەی کورد و کوردستانە.