وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هێرشی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە رێژیمی ئێرانی بۆ سەرعەرەبستان بە توندی مەحکووم کرد.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ مەحکوومکردنی هێرشی میلیشیاکانی حووسی بۆ سەر عەرەبستانی سعوودی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هاوکاریی عەرەبستان بۆ بەرگری لە بەرانبەر هێرشی تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەکا.
نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، بەبڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هێرشەکانی ڕۆژی شەممەی حووسییەکانی بۆ سەر عەرەبستانی بە توندی مەحکووم کرد و نەک هەر تەنیا ئەو هێرشەی بە هەڕەشە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و بێتاوان ناوبرد، بەڵکوو وەک هەڕەشەیەکیش بۆسەر ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتی یەمەنی زانی.
پرایس جەختی لەسەرئەوە کردەوە کە، ئەمریکا لەسەر بەڵێنەکانی بۆ هاوکاریی درێژماوەی خۆی و یارمەتیدانی عەرەبستانی سعوودی بۆ بەرگری لە هێرشە تێرۆریستییەکانی میلیشیا چەکدارەکانی حووسیی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێداگرە، هەروەها ناوبراو لەو بەیاننامەیەدا داوای لە حووسییەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران کرد کە، دەست لەو هێرشە کارەساتبارانە هەڵگرن و لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری یەمەن بەرەوە دانوستان هەنگاو بنێن.