ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا پێشنیاریان بە کۆماری ئیسلامی کردبوو کە وتووێژەکان دەستپێبکەنەوە بەڵام ئەو داواکارییە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕەت کرایەوە.
ڕۆژنامەی “واڵ ئێستریت ژۆرناڵ” ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران پێشنیاری ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپای بۆ وتووێژ لەسەر ڕێککەوتنی “ناوکیی” لە حەوتووەکانی داهاتوودا، ڕەت کردەوە و دوو کەس لە بەرپرسانی پلەبەرزی ئەمریکایی دەڵێن، ڕەتکردنەوەی ئەو پێشنیارەی ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕووبەڕووبوونەوەکان زیاتر دەکات.
هەر لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی “نیۆیۆرک تایمز” ڕاپۆرتیكی بڵاو کردبۆوە کە، دەوڵەتی “جۆ بایدێن” ئامادەبوونی خۆی ڕاگەیاندبوو کە لەسەر ڕێککەوتنی “بەرجام” لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەندامانی دیکەی ئەو ڕێککەوتنە لە یەکەم دانیشتنی ئەو کۆبوونەوەیەدا بوونی هەبێ و یەکیەتیی ئورووپا پێشوازی لێ کرد.
ژمارەیەک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وەکوو “سەعید خەتیبزادە” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم وتبووی؛ ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام چۆتە دەرەوە و بۆی نییە و لە وتووێژەکاندا بەشداری بکات. کۆماری ئیسلامی دەڵی: ئەمریکا پێش هەموو شتێک دەبێ گەمارۆکانی سەر ئێران لاببات و دواتر دەتوانێ پێشنیاری دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ناوکیی بکات، پێشتریش جەواد زەریف داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کردبوو کە، نێوبژیوانی نێوان ئەمریکا و ئێران بکات، بەڵام تائێستا ڕێژیمی ئێران ئامادە نییە بەبێ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان لەگەڵ ئەمریکا وتووێژ بکات.