ڕۆژی ڕابردوو٢٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی و لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی ئێران، ٢٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوەچوو.
بەدوای بانگەوازی گشتیی خانەنشینکراوانی تەئمینی ئیجتماعی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی تەئمینی ئیجتماعی لە ٢١ شاری ئێران وەکوو شارەکانی تاران، ئیلام، نەیشابوور، کەرەج، کرماشان، ڕەشت، شووشتەر، شیراز، ئیسفەهان، یەزد، ئەراک، کرمان، سنە، قەزوین، تەورێز، ئەهواز، هەمەدان، مەشهەد، شووش، دزفوول، زەنجان و برووجێرد لە بەردەم بینای ئیدارەی گشتی تەئمینی ئیجتماعی شارەکانی خۆیان و لە زەنجان لە بەردەم بینای ئۆستانداری ئەو شارە بەڕێوە چوو.
خانەنشینکراوان بە نووسینی دروشمی، تەنیا لە شەقامەکان، مافی خۆمان دەستێنین و بەرپرسانی کوماری ئیسلامیی لەگەڵمان درۆ دەکەن و تا مافی خۆمان نەستێنین شەقامەکان بەجێناهێڵین پەرەیان بەکۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان لە هەموو شارەکانی ئێراندا داوە.
هەروەها ناڕازییان دەڵین: دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڵێنیی جۆراوجۆری زۆریان پێداوین، بەڵام تا ئێستا نەک هەر جێبەجێیان نەکردووە بەڵکوو هیچ گرینگییەکیشیان بە دۆخی ژیانمان نەداوە و دۆخی بژێوی ژیانمان لەوپەڕی خراپیدایە و ئەگەر بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وڵامی داواکارییەکانمان نەدەنەوە ئەوە ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانە بەردەوام و بەرفراوانتر دەبێ.