کتێبی “کچانی کۆبانی” کە باس لە ژیانی کچانی شەڕوانی کوردی ڕۆژئاوا لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ داعش دەکا، لە نێوان باشترین کتێبەکانی وەرزی زستان لە ئەمریکادا جێی گرت.
بەربەرەکانێ کوردەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ داعش کە ساڵی ٢٠١٤ و لەگەڵ گەمارۆدانی شاری کۆبانی دەستیپێکرد و تا ئێستاش درێژەی هەیە، سەرنجی زۆربەی ڕاگەیەندراوەکانی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و بە دەیان ڕاپۆرت و لێکدانەوە سەبارەت بەوان چاپ و بڵاو کرایەوە لەو نێوەدا پێکهێنانی هێزی شەڕوانی ژنانی کورد لە ژێر ناوی یەکینەکانی پاراستنی ژنان “ypJ”، کە شانبەشانی پیاوان لەو وڵاتە بۆ ئازادکردنی بەشێک لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستان کە لەبن دەستی داعشدا بوو دەورونەخشێکی بەرچاویان هەبوو، سەرنجی زیاتری بۆلای خۆی ڕاکێشاوە و بە دەیان کتێب، فیلم و دێکۆمێنت لە بەربەرەکانێ ئەو کچانە ساز کراوە.
یەکێک لەو کتێبانەی کە بەشێوەیەکیی تایبەت لە سەر کچانی کۆبانی نووسراوە و ڕووبەڕووی پێشوازییەکی زۆری کۆمەڵگەی ئەدەبیی و هونەریی بە تایبەتی لە ئەمریکا بووەتەوە کتێبی” کچانی کۆبانی” لە نووسینی گایل لێمۆن، ڕاپۆرتنێری شۆرای پێوەندییەکانی دەرەوە و یەکێک لەو نووسەرانەیە کە بابەتەکانی لە پڕفرۆشترینەکانی نیۆیۆرک تایمزە.
ئەم کتێبە لە کۆمەڵگەی ئەدەبیی ئەمریکا، پێشوازییەکی بێ وێنەی لێکراوە و لەلایەن گۆڤارە بەنێوبانگەکانی ئەمریکاوە خراوەتە لیستی باشترین کتێبەکانی وەرزی زستانەوە.
نووسەری ئەم کتێبە بۆ نووسینی کتێبەکەی سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و ئەم کتێبەی بە وتووێژ لەگەڵ فەرماندەرە ژنەکانی کورد نووسیوە و زیرکیی و بوێریی ژنانی کوردی هێناوەتە بەرباس.